سەرۆکی شارەوانیی خانەقین: هەردوو حکومەتەکە گرنگی بە شارەکەمان نادەن

07-07-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی شارەوانیی خانەقین رایدەگەیێنێت، دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکەیان باش نییە و بە "شارێکی بێناز" ناوی دەبات. دەشڵێت، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست گرنگییان بە خانەقین نەداوە. داوا دەکات، حکومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.
 
سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، "خانەقین شارێکی پشتگوێخراوە و دۆخی خزمەتگوزارییەکانی باش نییە. ئەو پڕۆژانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و ئیدارەی خۆجێی دیالەوە بۆی دەکرێن، بچووکن و لە ئاستی پێداویستیی شارێکی گەورە و گرنگی وەک خانەقین نین."
 
بە گوتەی سۆران عەلی، ئەو خزمەتەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پێشکێشی ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای دیالە کراوە، بۆ قەزایەکی گەورەی وەک خانەقین نەکراوە، ئەوانەشی کە جێبەجێکراون پڕۆژەی "پینەوپەڕۆن"، لە کاتێکدا لە ناحیەکانی دیکە پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن.
 
سەرۆکی شارەوانیی خانەقین ئاماژەی بەوەدا، شەقام و رێگە سەرەکییەکانی شارەکە کۆن بوون و نۆژەن نەکراونەتەوە، تەنیا پینەکارییان بۆ دەکرێت. هاوکات، رەخنەی لە زیادبوونی پڕۆژەی نیشتەجێبوون گرت و گوتی: "پێش 16ی ئۆکتۆبەر، خانەقین کورتهێنانی لە یەکەی نیشتەجێبوون نەبوو، بەڵام ئێستا زەوییە باشەکانی نێو شار و تەنانەت باخی خورما تێکدەدرێن و دەکرێنە پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە پێویست نین، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی لە شارەکە، کە پێشتر 16% بوو."
 
سەبارەت بە پڕۆژە راگیراوەکان، سۆران عەلی گوتی: "لەدوای قەیرانی داراییەوە شەش پڕۆژەی گرنگمان لەسەر بودجەی پترۆدۆلار راگیران. لە ساڵی 2018 بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سێ لەو پڕۆژانە وەگەڕخرانەوە و  تەواوکران، بەڵام هێشتا سێ پڕۆژەی دیکەمان ماون کە بریتین لە (جووتسایدی بەردەم کۆلێژی خانەقین، شەقامی خانەقین - سیروان و رێگەسازی گەڕەکی کرێکاران)، ئێستا لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە کاری لەسەر دەکرێت."
 
لەبارەی دۆخی سیاسی و کاریگەریی لەسەر تەرخانکردنی بودجە و پرۆژە بۆ شارەکە، سەرۆکی شارەوانی گوتی: "پێشتر کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە شەش نوێنەری هەبوو، ئێستا لە کۆی 15 ئەندام تەنیا یەک نوێنەرمان هەیە، بۆیە روونە دۆخی دابینکردنی بودجە بۆ ناوچە کوردستانییەکان چۆنە."
 
سۆران عەلی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بودجەیەکی تایبەت بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تەرخان بکات و گوتی: "خەڵکەکە پێی خۆشە حکومەتەکەی خۆی کاری بۆ بکات، بۆ ئەوەی هەست بکەن حکومەتی کوردستان پشتگوێی نەخستوون."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە