رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەڵەبجە دەڵێت، "نزیکەی سێ مانگە چاوەڕێی فەرمانگەی کارەبام بۆئەوەی پێوەری زیرەکی کارەباکەیان چاک بکەن، بەڵام بەهۆی خراپبوونی ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکەوە تاوەکو ئێستا چاکنەکراوە." بەرپرسێکی کارەبای پارێزگاکەش دەڵیت، "پارە بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەمان خەرج ناکرێت."
هەڵکەوت محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی بەفری میری هەڵەبجەیە، بە رادیۆی رووداوی گوت، لە پێش مانگی رەمەزان (ئادار)ەوە، پێوەری زیرەکی کارەباکەمان تێکچووە و خراپ بووە، لەو کاتەوە چەندین جار سەردانی فەرمانگەی کارەبام کردووە بۆ چاککردنەوەی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە فەرمانگەکە بەکاریدەهێنێت وەکو بەرزکەرەوە و سەبەتە، خراپ بووە، نەتواندراوە کارەبای خەڵک چاکبکرێتەوە."
سەعد جەمال، بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی گوت، "6 مانگە ئۆتۆمبێلە سەبەتەکەمان لەکارکەوتووە، حکومەتیش هیچ پارەیەکی خەرج نەکردووە بۆ چاککردنی، بۆیە گرفتمان بۆ دروستبووە."
ئاماژەی بەوەش کرد، چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە نزیکەی 1.5 ملیۆن دیناری تێدەچیت و لای وەستایە، لەبەر نەبوونی پارە چاکناکرێتەوە.
بەگوتەی سەعد جەمال، گرفتی ئەو هاوبەشانەی کارەبا ئەوەیە، پێوەرەکەیان کار ناکات و بۆ هەژمارکردنی بڕی یەکەی بەکارهێندراو وەسڵیان بۆ نایەتەوە.
بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزەی کارەبای هەڵەبجە گوتیشی، لە سنووری هەڵەبجە بەشێکی هاوبەشانی کارەبا هەمان گرفتیان هەیە، بەڵام بەهۆی خراپبوونی ئامێری بەرزەکەرەوەکەیان، ناتوانن چاکی بکەن، چونکە بۆردی پێوەری زیرەک بە شێوەیەک هەڵواسراوە بە پەیژە چاک ناکرێت.
لەنێو شاری هەڵەبجە زیاتر لە 25 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، سەعد جەمال گوتیشی، تەنیا لەنێو شاری هەڵەبجە 25 هەزار و 712 هاوبەشمان هەن، زۆرینەی هاوبەشی ماڵانن کە 21 هەزار 674 هاوبەشن. هەروەها 2794 هاوبەشی بازرگانی (دووکان) هەن.
لەبارەی ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کە پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزە لە کارەبای هەڵەبجە دەڵێت، لە هەموو سنووری پارێزگاکەدا 32 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە، مانگانە نزیکەی 22 هەزاریان وەسڵی کارەبایان بۆ دێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ