رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی خەڵکی نەڵاسی سەردەشت، دوای رزگارکردنی قوتابییەکی لەنێو رووباری زێی بچووک، خنکا.
رووداوەکە دوانیوەڕۆی دوێنێ (سێشەممە، 6-8-2024) روویداوە، مامۆستاکە ناوی دڵشاد ئەبوبەکرزادەیە و دانیشتووی نەڵاس بوو.
دڵشاد ئەبوبەکرزادە لەگەڵ بەشداربووانی خولی فێربوونی قورئان بۆ گەشت و سەیران چووبوونە سەر زێی بچووک لە نزیک پردی گۆمان.
شایەتحاڵان دەڵێن، یەکێک لە قوتابییەکان بۆ مەلەکردن چووەتە نێو رووبار، بەڵام نەیتوانیوە مەلە بکات و خەریک بووە بخنکێت، دڵشاد ئەبوبەکرزادە بۆ رزگارکردنی قوتابییەکە چووەتە نێو رووبارەکە و رزگاری کردووە، بەڵام بەوە زۆر ماندوو بووە و هەناسەی تەنگ بووە. ئاو بەرەو قوڵایی بردووە و خنکاوە.
مامۆستاکە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. ئەو پێشتر مامۆستای قوتابخانە بوو، بەڵام لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئێرانەوە بە هۆکاری سیاسی و مەزهەبی لە وانەگوتنەوە دوورخرابووەوە. دوای دوورخرانەوەی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا خولی فێرکردنی قورئانی بۆ قوتابییانی نەڵاس و گوندەکانی دەوروبەری دەکردەوە.
تەرمی دڵشاد ئەبوبەکرزادە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە لە رووباری زێی بچووک دەرهێندرا و لە گۆڕستانی نەڵاس بەخاکسپێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ