رووداو دیجیتاڵ
دوو ساڵ بەسەر خۆپێشاندانەکەی 2ی ئەیلوولی 2023ی رەحیماوای کەرکووک تێدەپەڕێت، کە تیایدا چوار گەنجی کورد شەهید بوون و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون. خێزانەکانی قوربانییەکان و پارێزەرانی دۆسیەکە، گوزارشت لە بێئومێدی دەکەن لە نەبوونی لێپرسینەوە و جێبەجێ نەکردنی بەڵێنی بەرپرسان.
برینێکی ساڕێژنەبوو لە جەستەی محەممەد
یەکێک لە بریندارەکانی ئەو خۆپێشاندانە، محەممەد عەدنانە. گرتە ڤیدیۆییەک کە مێژووەکەی بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، چرکەساتی برینداربوونی محەممەد تۆمار دەکات. ئەو لە نزیک ماڵی خۆیانەوە، لە کاتی تەماشاکردنی دۆخەکە، بە گولـلەی ئێم فۆڕی هێزە ئەمنییەکان بەرکەوت. سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، هێشتا فیشەکەکە لە جەستەیدا ماوە و بەردەوام ئازار دەچێژێت.
سکاڵا و گوشارەکان
کەس و کاری شەهیدان سکاڵای یاساییان لەسەر هەریەک لە راکان جبوری، وەسفی عاسی، و هێزی دژە تێرۆری عێراق تۆمار کردبوو. بەڵام بەهۆی "گوشارەکانەوە"، سێ لەو سکاڵایانە کشێندراونەتەوە، ئەمەش پرسیاری گەورە لەسەر سەربەخۆیی پرۆسەی دادوەری دروست دەکات.
"براکەم چوار منداڵی بەجێ هێشتووە، کەچی هێشتا هیچ نەبووە!"
هەردی ستار، برای شەهید هەڤاڵ، بە رووداوی گوت، "زۆر دەست و دەستیمان پێدەکەن، براکەم چوار منداڵی بەجێ هێشتووە کەچی تائێستاش نە قەرەبوو کراونەتەوە و نە شەهیدانەی بۆ دەرچووە." ئەمەش ئازار و بێئومێدی خێزانەکان نیشان دەدات کە دوای دوو ساڵ، هێشتا مافەکانیان وەک قوربانیانی خۆپیشاندانەکە دابین نەکراوە.
نەوزاد عەریف رەمەزان، پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەی شەهیدەکان، جەختی کردەوە کە "شەهید هاوکار بێبەش بووە و نە لە حکومەتی عێراق و نە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشمەرگە بووە، شەهیدانەی بۆ دەرنەچووە."
لێدوانە بێ کردارەکان
سەرباری لێدوانی بەرپرسان لە کاتی خۆیدا، دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، بەر لە دوو ساڵ، بە رووداوی راگەیاندبوو کە "تەقەکەرەکان فەرمانیان پێ نەبووە و سزا دەدرێن." بەڵام تائێستا، وێڕای پێکهێنانی دەیان لیژنەی لێکۆڵینەوە، هیچ کەسێک لەسەر ئەو تەقەکردنە نە دەستگیرکراوە و نە سزا دراوە.
هەنگاوێکی دادوەری دوای دوو ساڵ
دوای دوو ساڵ لە رووداوەکە، دادگای کەرکووک رەزامەندی لەسەر مامەڵەی سێ لە شەهیدەکان داوە تا بە شەهید بناسرێن. ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت، بەڵام خێزانەکان هێشتا چاوەڕێی دادپەروەرییەکی تەواو و لێپرسینەوەی ئەنجامدەرانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ