پیاوێک لە دووکان هەموو منداڵەکانی فێری مەلەوانی دەکات

07-10-2022
نزار جەزا
دوو منداڵ لە کاتی مەلەکردن لە دەریاچەی دووکان. وێنە: رووداو
دوو منداڵ لە کاتی مەلەکردن لە دەریاچەی دووکان. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پیاوێک لە دووکان هەموو منداڵەکانی فێری مەلەوانی کردووە، منداڵێکی کچیان کە تەمەنی چوار ساڵە لە قووڵایی دەریاچەی دووکان بێترس مەلە دەکات، ڤاریا دەڵێت، "لە ئاو ناترسم و باوکم لە منداڵییەوە فێری مەلەکردنی کردووم".
 
زۆرینەی رۆژەکانی هەفتە ڤاریای تەمەن چوار ساڵ لەگەڵ باوک و براکەیدا بۆ مەلەکردن دێنە دەریاچەی دووکان، ئەو دەریاچەیەی قووڵییەکەی نزیکی 100 مەتر دەبێت.
 
ڤاریا هونەر، مەلەوانێکی تەمەن چوار ساڵە و دەڵێت، "لە ئاو ناترسم، تەنها ئەگەر سارد بێت دەترسم، لە منداڵییەوە باوکم بە چووپ فێری کردم. باس بکە مەلەدەکەم و دەتوانم خۆم هەڵدەمە ناو ئاوەوە."
 
خوشک و برا گەورەکەی، کە تەمەنیان 12 و 16 ساڵن، یاریزانێکی باشی مەلەوانین، ڤاریاش چاوی لەوانە ببێتە یاریزانێکی باش.
 
باوکی ئەم منداڵانە نزیکەی 30 کەسی لە خنکان رزگارکردووە و تەرمی پێنج کەسیشی لە قووڵایی دەریاچەکە دەرهێناوە، ئەوەش وایکردووە هەر زوو منداڵەکانی فێری مەلەکردن بکات.
 
هونەر مەجید، باوکی ڤاریا دەڵێت، "تەمەنیان لە ساڵ کەمتر بوو کە خستمنە نێو ئاوەوە، بۆئەوەی وردە وردە فێری مەلە ببن، ڤاریاش جیاوازە، خەڵک کە لە ناو ئاوەکە دەیبینن هاوار دەکەن، دەڵێن ئەو منداڵە خنکا، بەڵام کە دەبینن لە ناو ئاوەکە دێتە دەرەوە و مەلە دەکات، کێشەی نییە، ئەمەش بۆ من و منداڵەکەش خۆشە، ئێواران کاژێرێک دوو کاژێر پێش بانگی ئێوارە دێین بۆ مەلەکردن و دەیان کەسی دیکەشمان فێری مەلەکردن کردووە."
 
هەموو ئەو رۆژانەی شەپۆلەکانی دەریاچەکە هاوکاریانە، بەم جۆرە لە قووڵایی دەریاچەکەوە بەرەو تەنکایی مەلە دەکەن و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، کە تەنیا 120 مەتر لە دەریاچەکەوە دوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە