رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب هۆشداری لە دروستبوونی "کۆمەڵکوژکردنی کورد لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە" دەدات و دەڵێت، پزیشک و دەرمانیان کەمە و نەخۆشخانەکان توانای گەیاندنی خزمەتگوزارییان بە برینداران نەماوە.
دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 08-01-2026، د. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەیدی حەلەب لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''ئەمڕۆ هێرشێکی زۆر دژوار کراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و، تاوەکو ئێستا 65 کەسی سڤیل بوونەتە قوربانیی ئەو هێرشانە.''
د. عوسمان شێخ عیسا جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکان بە شێوەیەکی ''هەڕەمەکی و بێسنوور'' دەکرێن، ''ئەوە نییە هێزی سەربازی بکرێتە ئامانج، بەڵکو هەموو ماڵەکان، رێگەکان، ژن، منداڵ، پیر و پەککەوتە دەکرێنە ئامانج.''
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەیدی حەلەب ئاماژەی بە کەمیی دەرمان و پزیشک کرد و گوتی، ''رێگە نییە پزیشکەکان بگەنە ئێرە، ئێستا بەهۆی نەبوونی پزیشک قەیرانێکی زۆر گەورە دروست بووە، هەروەها لە نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر کەمیی دەرمان بە شێوەیەکی بەرچاو لەئارادایە و نییە. ژیانی خەڵکێکی زۆر کەوتووەتە مەترسییەوە.''
بە گوتەی د. عوسمان شێخ عیسا تەنیا یەک موەلیدەیان هەیە لە نەخۆشخانەکە کە بە مازۆت کار دەکات، ''مازۆتیش کەمە، ئەمرۆ و سبەی ئەگەری هەیە نەخۆشخانەکە بە تەواوی لە خزمەت بکەوێت، لەکاتێکدا رێگەش بۆ گواستنەوەی برینداران بۆ شار نییە.''
ئەو پزیشکە هۆشداری دەدات، خەریکە کۆمەڵکوژی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە روودەدات، ''برینداران لەسەر زەوی ماونەتەوە و کەسێک نییە پێیان رابگات. لە لایەکی دیکەوە دەرمان نییە، رێگەکان داخراون. بۆیە بانگەوازمان ئەوەیە کە دەستوەردانێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە بکرێت کە تێیداین و کێشەکە چارەسەر بکرێ.''
لە رۆژی سێشەممە 6-01-2026ـوە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکان بە تانک و تۆپ بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)، هێرشەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ