رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە پێشهاتەکانی حەلەبیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیی راگرتنی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکان و دەستپێکردنەوەی دانوستاندن کردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 8-1-2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە دۆخی حەلەب و ئەو هێرشانەی لە 6ـی ئەم مانگەوە سوپای عەرەبیی سووریا دەیکاتە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
فوئاد حوسێن نیگەرانیی عێراقی دەربڕی لەبارەی ئەو هێرشانە کە ناوچە سڤیلنشینەکان دەکەنە ئامانج و بوونەتە هۆی "ئاوارەبوونی هەزاران دانیشتووی کورد لە ناوچەکانیان".
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لەوەی "بەردەوامبوونی ئەم رووداوانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت" و داوای کاری هاوبەشی کرد بۆ راگرتنی هێرشەکان.
هەردوولا جەختیان لە "پێویستیی راگرتنی ململانێکان و بەردەوامیدان بە دانوستاندن، بەتایبەتی لەنێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" کردەوە. هەروەها بڕیاریان دا پەیوەندی بە دیمەشقەوە بکەن بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکان.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا باس لە دۆخی یەمەن، ئێران و کاریگەریی گرژییەکان لەسەر ناوچەکە کرا؛ هەروەها تاوتوێی دۆخی ڤەنزوێلا و کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ