رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێکی هاوکاریکردن و یارمەتیدانی ئاوارەکانی هەردوو گەرەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رادەگەیێنێت کە بە هۆی شەڕی سێ رۆژی رابردوو ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی عەفرین بوون.
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بانگەوازێکی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب لە عەفرین بڵاوکردەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە بانگەوازەکەی دا رایگەیاند، لە سۆنگەی بەها و بنەما مرۆییەکان، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە پەرەسەندن و زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە شاری حەلەب دەڕوانێت. بێگومان ئەو جۆرە گرژییانە، دەبنە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە گرنگە پارێزگاری لە گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بکرێت و رێگە نەدرێت کۆچی زۆرەملێ رووبدات.
دەشڵێت: "بەداخەوە ئەو گرژییانە دەبنە هۆی نەهامەتی و پەڕاگەندەبوونی ژن و منداڵ و هاووڵاتییانی سڤیل و قەیرانی دیکەی مرۆیی."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا هاتووە: "پێشتریش دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەهاناوە چوونی خەڵکی لێقەوماو لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە، ئێستاش بەهۆی ئەو گرژییانەی حەلەب، ئاوارەیەکی زۆر روویان لە عەفرین کردووە، کە بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار خێزان."
لەم سۆنگەیەوە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی رادەگەیێنێت بۆ ئەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ئاوارانە دابین و دەستەبەر بکات، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە روویان لە عەفرین کردووە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەروەها، بانگەواز لە ئاژانسەکان، رێکخراوەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەڵکی خێرخوازیی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە دەکات، هاوکار و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری مرۆیی بگەیێننە خەڵکی ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ