کوردستان
ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، لەبارەی رووداوەکانی ئێستای حەلەب رایگەیاند، سووریا بە قۆناخێکی نوێ و هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئاماژەی بەوە کرد "بەئامانجگرتنی گەڕەکەکان و راگەیاندنی شەڕ دژیان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو سووریا."
لەیلا قەهرەمان رایگەیاند، "ئەوەی روودەدات شتێکی لەپڕ و کاتی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی گوشار و هێرشە بەردەوامەکاندایە، سەرەڕای ئەو بەرگرییەی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لە سەرەتای تەنگژەی سووریاوە تاوەکو ئەمڕۆ نیشانیان داوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "وڵات [سووریا] شاهیدی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی رێبازی ستەمکارییە بەرامبەر بە پێکهاتە جیاوازەکان" و جەختی کردەوە کە گەلی کورد پێکهاتەیەکی رەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی پێکهاتەی نیشتمانیی سووریایە.
جەختیشی کردەوە کە "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و بە بیانووی پووچ ئەنجام دەدرێن."
"ئەم رووداوانە بە روونی نەبوونی هیچ نیازێکی جیدی لای حکومەتی کاتی بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی راستەقینە نیشان دەدەن. سووریا بە تەنیا پێکهاتەیەک بونیاد نانرێت و بەڕێوە نابرێت، ئەزموونەکانی رابردوو لە کەناراوەکان و سوەیدا و تەقینەوەکانی ناو کەنیسەکان شکستی ئەو رێبازەیان سەلماندووە." هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) وای گوت.
لەیلا قەهرەمان باسی لەوە کرد، "پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن و لۆژیکی یەک پێکهاتە، وڵات دەخاتە بەردەم تەنگژەیەکی نوێ و بنەماکانی شەراکەتی نیشتمانی هەڵدەوەشێنێتەوە. جەختیشی کردەوە کە "سووریا تەنیا بە تەواوکاریی هەموو پێکهاتەکانی بەبێ جیاوازی بەڕێوە دەچێت."
ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ساڵانێکی زۆرە رووبەڕووی هێرشی بەردەوام دەبنەوە و داوای لە سوورییەکان کرد ئەم راستییە درک پێ بکەن کە ئەوەی روودەدات پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لە هەموو سووریادا.
گوتیشی، سەرەڕای بانگەوازە بەردەوامەکان بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی کاتی، بەڵام ئاماژەکان نەبوونی جیدییەت و بەشدارینەکردنی کردەیی لە رێڕەوی گفتوگۆدا نیشان دەدەن.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات جەختی لەوە کردەوە، قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکڕیزیی نیشتمانی و هەڵوێستێکی یەکگرتووی سوورییەکانە بەرامبەر بەوەی لە ناوچە جیاوازەکان و بەتایبەت لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە روودەدات.
گوتیشی، "سووریایەکی ئارام و سەقامگیر لەسەر رشتنی خوێن بونیاد نانرێت و ئەوەی روودەدات رشتنی خوێنی سوورییەکانە بە خوێنێکی سارد، کە ئەمەش هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەرپرسیارانە دەخوازێت."
بە گوتەی لەیلا قەهرەمان، سووریا بەرەو قۆناخێکی درێژ و پڕ لە ئاڵنگاری دەڕوات، ئەمەش پێویستی بە یەکگرتوویی هەموو سوورییەکانە، "چونکە چاوەڕوان دەکرێت ململانێکان بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی کاتییەوە زیاتر ببن کە لەگەڵ قوربانیدانی سوورییەکان و داخوازییەکانیاندا ناگونجێن."
هەروەها جەختی کردەوە، ئەو بەرگرییەی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نیشانی دەدەن، دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەو سووریایەی خەونی پێوە دەبینین و ناونیشانێکی نوێ بێت بۆ سووریایەکی نوێ و یەکڕیزیی نیشتمانی."
راشیگەیاند، "رێگەیەکی درێژ بۆ ڕاستکردنەوەی رێڕەوەکە لەپێشە و لەوانەیە شێخ مەقسوود ببێتە سەرەتای ئەو راستکردنەوەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ