رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، رێکارەکانی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی موڵک و زەوییەکانیان کەوتووەتە نێو ماستەرپلانی پشتێنەی سەوز لە قۆناخی کۆتاییدایە و 127 کەس قەرەبوو دەکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026 سەید هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی 10ی پارەوە کارکردن لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکردووە؛ ژمارەیەک خانوو، باخ و موڵک دەکەونە سنووری ماستەرپلانی پڕۆژەکەوە، بەم نزیکانە هەموو ئەو زەوی و خانووانەی بەرکەوتوون، قەرەبوو دەکرێنەوە."
لەبارەی کاتی تەواوبوونی رێکارەکان، هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوە کرد، کە رێکارەکان دەستیانپێکردووە و لە قۆناخی کۆتاییدان و تاوەکو هەفتەیەکی دیکە هەموو رێکارەکان تەواو دەبن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، "هەموو ئەو کەسانەی زەوییان کەوتووەتە نێو پڕۆژەکە، زەویی دیکەیان لە نزیک زەوییەکانی خۆیان و بە هەمان کواڵێتی پێدەدرێت. ئەوانەشی خانوویان کەوتووەتە نێو پڕۆژەکە، یان بە چەک (پارە) قەرەبوو دەکرێنەوە، یاخود زەوییان پێدەدرێت، بەڵام ئەمەیان هێشتا بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە."
بە گوتەی هێمن سەید موراد، ئەو کەسانەی زەوی و خانوویان بەر پڕۆژەکە کەوتووە 127 کەسن و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.
رۆژی 30-10-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.
پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بە شێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە و دەکەوێتە دوای شەقامی بازنەیی 150 مەتری. پڕۆژەکە بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی 92 کیلۆمەترە، بڕیارە بە 8 قۆناخ جێبەجێ بکرێت.
لەو رووبەرەدا، ملیۆنان دار دەچێندرێن. زەیتوون و فستق دوو لەو دارانەن کە پێویستییان بە ئاودێریی زۆر نییە؛ لەم قۆناخەدا لە رێگەی ئاوی ژێرزەوییەوە ئاو دەدرێن، بەڵام لە داهاتوودا 10 پۆندی ئاو و بەکارهێنانەوەی دووبارەی ئاوی قورس دەبنە سەرچاوەی سەرەکیی ئاودێریی پڕۆژەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ