قایمقامی هەولێر: مەترسی لەسەر هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون نییە

08-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی هەولێر دەڵێت، لە هەولێر مەترسیی لەسەر هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون نییە، بۆ ئەگەری روودانی بوومەلەرزەش هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان دامودەزگاکان هەیە بۆ ئەوەی هەموو ئامێر و کەلوپەل و پێداویستییەکیان بۆ دابین بکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 8-2-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رووداوی گوت، لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە، شاری سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانیان بەسەر چەند زۆنێک دابەشکردووە و هاوئاهەنگی لە نێوان دامەزراوەکانیش کراوە بۆ ئەوەی هەرشتێکیان پێویست بوو وەکو ئامێر و کەلوپەل و کەرەستە بۆیان دابینبکرێت.
 
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، بۆ ئەوەی هەموو ئامادەکارییەک بکرێت لیژنە پێکهێندراوە و بەرگریی شارستانی بە هاوئاهەنگیی یەکە کارگێڕییەکان سەرپەرشتیی لیژنەکان دەکەن. 
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی ئەم مانگە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند و زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە و کاریگەری لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو، بەگوێرەی دوایین ئامار زیاتر لە 12 هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هەمان رۆژ کاژێر 4:17 خولەکی بەیانی لە هەولێریش بوومەلەرزە بە گوڕی 4.7 پلەی رێختەر روویدا.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لە هەولێر مەترسی لەسەر هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون نییە، هەموو سەلامەتن، چونکە زۆربەی پڕۆژەی وەبەرهێنانن و لە کاتی بنیاتنانی لەلایەن فەرمانگەکانی وەبەرهێنان سەرپەرشتی کراون."
 
بەگوتەی قایمقامی هەولێر، 6ـی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی تیمەکانی شارەوانی، ئاو، کارەبا، هێزە ئەمنییەکان و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەرگریی شارستانی، زێرەڤانی و چەندین لایەنی پەیوەندیدار کۆبوونەتەوە و هەموو ئامادەباشییەکیان کردووە بۆ ئەگەری روودانی بوومەلەرزە.
 
بڕیارە لە دهۆکیش چەند لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەن. رۆژی سێشەممە، 7ـی ئەم مانگە ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەکانیان لە رووی کوالێتی، تەکنیکی و ئەندازەیی، بەدواداچون بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون، تاوەر و باڵەخانەکان دەکەن.
 
بەگوتەی جێگری پارێزگاری دهۆک؛ لیژنەیەک تایبەتە بە رۆژهەڵاتی دهۆک، یەکێکیشیان بە رۆژئاوای دهۆک و ئەوەی دیکەشیان بۆ دەوروبەری دهۆک و لە رۆژی سێشەممە 7ـی شوبات دەست بەکاردەکەن و لەهەر شوێنێک مەترسی هەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن. 
 
لیژنەکان پێکهاتوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی دهۆک. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە