رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارتی نیشتمانی لە شێخان هەفتەی داھاتوو تیمێکی تایبەت دەستبەکار دەبێت و بەردەوام دەبێت تاوەکو خەڵکی قەزاکە ھەمووی دەبێتە خاوەن کارتی نیشتمانی.
چیایی تەیموور، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو 85 واژۆیەی پەرلەمانتاران کۆیکردوونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارتی نیشتمانیی شێخان، رەزامەندیی لەسەر دراوە کە تیمێکی تایبەت بچێتە قەزاکە و دەستبەکار بێت. بەپێی پلانی تیمەکە، لە ماوەی شەش مانگدا کارتی نیشتمانی بو ھەموو خەڵکی قەزاکە دەردەکرێت."
چیایی تەیموور گوتیشی: "بێجگە لەو تیمەی ئێستا لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی کار دەکات، تیمێکی تایبەت بە ستافێکی زۆرەوە لە بنکەی رۆشنبیریی شێخان کار دەکات، تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەبێت".
پێشتر رووداو رووماڵی کێشەی کارتی نیشتمانی لە شێخان کردبوو؛ زۆربەی خەڵکی قەزاکە لە دروستکردنی کارتی نیشتمانی بێبەشن، بۆیە ناتوانن کاروبارەکانیان رایی بکەن.
زیاتر لە 40 ھەزار خێزان ناوی خۆیان تۆمارکردووە و تەنیا نزیکەی 7 ھەزار خێزان کارتی نیشتمانییان بۆ دەرکراوە. رۆژانە فەرمانگەی کارتی نیشتمانی دەتوانێت 250 کارت دروست بکات، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی شێخان زیاتر لە 220 ھەزار کەس دەبێت.
زیاتر لە مانگێکە لە شاری دھۆکیش، نووسینگەی تۆماری مەڵبەندی دروستکراوە. بەشێکی خەڵکی شێخان لەوێ کارتی نیشتمانی دەردەکەن، بەڵام لەوێش رۆژانە قەرەباڵخییەکی زۆر ھەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ