رووداو - کەرکووک
شەپۆلی تەرزە لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیانی بە بەرهەمی جووتیارانی ناوچەکە گەیاند. شووتی، خەیار، بیبەر، تەماتە و بەرهەمەکانی دیکەی بەتەواوی لەنێو بردووە گەنم و جۆی ناوچەکەش کەڵکی ئەوەی نەماوە دروێنە بکرێت.
نریکەی 25 جووتیار لەو سنوورە بە زیاتر لە ملیارێک دینار زیانیان بەرکەوتووە، داوا دەکەن حکومەت ئاوڕیان لێبداتەوە. کشتوکاڵی کەرکووکیش دەڵێت، بە دواداچوون بۆ زیانەکان دەکەین بەهیواوی ئەوەی حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە.
مام ئەنوەر یەکێک لە جووتیارە زیانلێکەوتووەکانە، تەنیا زیانی ئەو زیاتر لە 150 ملیۆن دینارە کە لە پێگەیاندنی بەرهەمەکەیدا خەرجی کردووە. جیا لەوەی ئەگەر پێبگەیشتایە داهاتی بەروبوومەکەی زۆر زیاتر دەبوو.
ئەنوەر عەلی بەگ، جووتیارە و دەڵێت، "زیانەکانمان زۆر زۆرە. هەر دۆنێمێک 800 تا 900 هەزار خەرجیمان لێکردووە بێ ئەوەی هیچ داهاتی هەبووبێت. تەنیا سەوزەوات وەک خەیار، کولەگە، بیبەر، شووتی و هەرچی پەلکی پان بێت نەماوە. تا 150 ملیۆن زیانم لێکەوتووە".
نزیکەی 25 جووتیار تەنیا لە سنووری گوندەکانی حەسار و گۆڵدەرە و دوبزنی زیانەکانیان بە زیاتر لە ملیارێک دینار دەخەمڵێنرێت. زۆربەیان کە بەروبوومەکانیان چاندووە، قەرزیان بە خاتری پێگەیشتن و داهاتەکەی کردووە، بەڵام ئێستا دەستمایە و داهاتیان تێداچووە و چاوەڕێن حکومەت ئاوڕێکیان لێبداتەوە.
محەمەد عەلی، موختاری گوندی حەساری گەورە بە رووداوی راگەیاند، "23 جووتیار زیانیان لێکەوتووە و هیچ ئومێدێکیان نەماوە. ئەم جووتیارانە هەموو پەیین و بنەتۆو و نایلۆنەکانیان بە قەرز هێناوە. هی واهەیە 27 بۆ 30 ملیۆن قەرزارن".
جگە لە سەوزەوات، بارینی تەرزە زیانی لە دانەوێڵەش داوە، بەتایبەت بەرهەمی جۆ و زۆربەی دەغڵەکانی کەوتوون و بە کەڵکی دروێنە نایەن.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک لیژنەیەکی بەدواداچونی پێکهێناوە و بۆ خەمڵاندن و تۆمارکردنی زیانەکان سەردانی ناوچەکە دەکەن.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەلایەن لێژنەی تایبەتمەندەوە لە کشتوکاڵی کەرکووک بەهاوکاریی هۆبە کشتوکاڵییەکان لەسەر ئەو بابەتە رووبەری زیانەکان دەپێوین و دەینێرین بۆ فەرمانگەی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەڵکو لەسەر قەرەبووکردنەوەی جووتیارە زیانلێکەوتووەکان بەپێی رووبەری زیانەکانیان رەزامەندبن".
لە کۆتایی وەرزی زستاندا زۆر دابەزینی پلەکانی گەرما و شەختە گورزی کوشندەی لە بەرهەمی جووتیاران دا. ماوەیەک لەمەوبەر لە سنوورەکە جۆرە کرمێک بووە بەڵایەکی دیکە بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵەوە. ئێستاش بارینی تەرزە لە سنووری پێنج گوندی ناوچەی ساڵەیی زۆربەی بەرهەمی جووتیارانی لەناوبردووە و رەنجی بەهەدەرداون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ