رووداو دیجیتاڵ
دوای چڕکردنەوەی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە سنووری زاخۆ و جووڵەپێکردنی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق بۆ ناوچەکە، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە ئاستی فەوجێک لە دوێنێ سێشەممەوە لە چیای مەتین جێگیرکراون.
فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لە بارەی جێگرکردنی ئەو هێزەی زێرەڤانی بە رادیۆی رووداوی گوت: ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان بڵاودەکرێنەوە، کە هێزیش لەناوچانە کەم ببوون بەهۆی شەڕی داعش بوو "بەو هۆیەوە تاوەکو ئاستێک لە بۆشایی لەو ناوچانە دروستبووە، ئێستا رەوشەکە باشترە و رەنگە بتوانین سوود لە بەشێکی هێزی پێشمەرگە ببینین لە چەند شوێنێکی هەستیاری ناوچە سنوورییەکان دابنرێن، ئەو ناوچانەشی بۆشایی تێدا دروستببوو لە نزیکی زاخۆ، هەم لیوای یەکی هێزی پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە چەند خاڵێکیان گرتووە، هەروەها هێزی فەرماندەیی دهۆکیش چەند خاڵێکیان گرتووە".
پێشتریش هێزی پاسەوانی سنوور کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری زاخۆ بڵاوەیان پێکرا و لە چەند خاڵێکی سنووریی هەردوو ناحیەی باتیفا و دەرکار جێگیربوون. ئەوەش دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و سەردانیکردنی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور بۆ ناوچەکە.
لەو بارەیەوە سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات هاوئاهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی پاسەوانی سنوور هەیە و دەڵێت: "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیاش شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی ئەو ناوچانەیان کردبوو، ئەوان پێیانخۆشە کە هاوئاهەنگییەک لەنێوان هێزی پاسەوانی سنوور و هێزی پێشمەرگەدا هەبێت".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە رۆژی 15-06-2020 ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی لەژێر ناوی (چڕنووکی هەڵۆ) بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد، لە رۆژی 17ـی هەمان مانگیش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی (چنگی پڵنگ) لە ناوچەی حەفتانین لە سنووری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی رووداو، لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەیدا تورکیا بە درێژایی 45 بۆ 50 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 بۆ 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی باتیفا. بۆیە ئێستا حکومەتی عێراق هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە سێ شوێن لە سنووری هەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکار نزیک ئەو ناوچانەی لەلایەن تورکیا بۆردووماندەکرێن، جێگیرکردووە، لە هەر یەکە لە بەرزاییەکانی کەلا شابانیێ و سیار بەنا لە سنووری باتیفا و کەلا دێرێ لە سنووری شارۆچکەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ.
رۆژی دووشەممە 06-07-2020 سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە پێکهاتووە لە 37 خاڵی سەربازی؛ پەرلەمانتارانی عێراقیش ئەو لەشكركێشییەی توركیا بۆناو خاكی هەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق دادەنێن و دەڵێن، دەبێت عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لە دژی تورکیا تۆماربکات.
نەخشەکە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە.
لە نەخشەکەدا بە هەمانشێوە ئەو شوێنانە دیاریکراون کە تورکیا بە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە پارتیی کرێکارانی کوردستان دایناون.
بەپێی نەخشەکە، هەموو ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پەکەکە تێیاندا جێگیرن، جگە لە چیای قەندیل و خاڵێک لە نزیک قەڵادزێ و شنگال و کامپی مەخموور، بوونەتە ناوچەی شەڕی راستەوخۆ و هێزەکانی تورکیا تێیاندا جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ