رووداو دیجیتاڵ
درەنگی شەوی رابردوو، کەجەکە داوای لێبووردنی لە رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ناتوانن راستەوخۆ ئامادەی رێوڕەسمی چەکدانانەکە ببن. رووداو لە سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی، تەنیا میدیای فەرمیی پەکەکە و تورکیا لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە دەبن.
کەجەکە رایگەیاند: "بەهۆکاری بارودۆخی ئەمنی، رێوڕەسمەکە گۆڕانکاری تێیدا کراوە و راستەوخۆ ناگوازرێتەوە و رۆژنامەڤانانیش ناتوانن راستەوخۆ لە شوێنی رێوڕەسمەکە ئامادەبن".
گۆڕانکارییەکە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو رۆژنامەڤانان ئامادەی رێوڕەسمەکە بن و بەشێوەی راستەوخۆش پیشان بدرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆڕان لە پەخشی راستەوخۆدا لەلایەن کەجەکەوە لەسەر داوای تورکیا بووە".
بەگوتەی سەرچاوەکە کە نزیکە لە پەکەکە، "لای کەجەکەوە هیچ کێشەیەک نەبووە لە گواستنەوەی راستەوخۆدا و خۆشی بۆ ئەو مەبەستە رۆژنامەڤانانی بانگهێشتکردووە و فۆڕمی بۆ ئامادە کردوون، ئەوەی هەیە لەسەر داوای تورکیایە".
گۆڕانکارییەکە لە کاتێکدا روویداوە، کە دوێنێ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆبووەوە، کۆبوونەوەکەش دوای کۆبوونەوەیەکی شاندەکەی ئیمرالی بوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە زینداندا.
لە راگەیێندراوەکەدا کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەڤانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "تەنیا میدیای فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان و میدیای فەرمیی تورکیا دەتوانن لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبن و بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوولا کار بکەن و هیچیان مافی گواستنەوەی راستەوخۆیان نییە".
هەر لەو بارەیەوە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بڕیار بوو رێوڕەسمەکە بۆ میدیاکان کراوە بێت، بەڵام بەگوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنەکان، بڕیاردرا لە شوێنێکی جیاواز بەڕێوەبچێت، دیمەنە تۆمارکراوەکان لەسەر شاشەیەک پەخش بکرێن و دواتریش بەخێرایی بگەیێندرێنە میدیاکانی ناوچەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ