تورکیا
لای راستەوە: ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت. ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا. پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پەرلەمانتارانی دەم پارتی.
رووداو دیجیتاڵ
پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "تێبینی و پێشنیازەکانی خۆمان سەبارەت بە قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری و ئەو کارانەی لەمەودوا دەکرێن گەیاندە ئەردۆغان".
ئەو کۆبوونەوەیە ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەچوو. شاندەکە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پەرلەمانتارانی دەم پارتی.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی دەڵێت، "لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامیی ئیرادەی هاوبەشی هەردوولا بۆ پێشڤەچوونی پرۆسەکە کرایەوە".
ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بوو، دوایین جار رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی ئەم ساڵ کۆبوونەوە و پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد.
دوێنێ یەکشەممە، 6-7-2025، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە و دواتر دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەسەر زاری شاندەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە هەوڵی سەرخستنی بدەن.
شاندەکەی دوێنێ لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، پەرلەمانتارانی پارتەکە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتبوو.
بە گوتەی دەم پارتی و لەسەر زاری شاندەکەوە، "تەندروستیی ئۆجەلان زۆر باش بوو، هەروەها ورەبەرزیش بوو".
دەم پارتی راشیگەیاند، دوێنێ یەکشەممە ئۆجەلان کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەردۆغان و شاندەکەی بە ''گرنگ'' زانیوە و بە کۆبوونەوەیەکی ''مێژوویی'' وەسفی کردووە.
لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ