گەنجانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بێکارییەوە کۆچ دەکەن

08-08-2025
ناسر پیرۆتی
بازاڕی میوەی ئیلام
بازاڕی میوەی ئیلام
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە حکومەتی ئێران دەکەن کێشەی بێکاری لەو پارێزگایە چارەسەر بکات. ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ئیلام بە رووداویان راگەیاند، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت کۆچکردن زیاتر ببێت.
 
بازاڕی میوەی نێو شاری ئیلام پڕە لەو گەنجانەی دەرچووی زانکۆن و لەوێ کار دەکەن.
 
ئەمیر ئیلاهییان، میوەفرۆش لە ئیلام بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بێکاری لە ئیلام زۆر زۆرە و رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت. گەنجانی ئیلام بڕوانامەی بەرزیان هەیە، بەڵام پارێزگاکە کارگەی لێ نییە کاری تێدا بکەن و داهاتێکی جێگیریان هەبێت."
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، رێژەی بێکاری لە ئیلام 9.9٪ـە، واتە 2.6٪ زیاتر لە ئاستی تێکڕای ئێران، بەڵام ئەو ئامارە تەنیا 40٪ـی دانیشتووانی سەروو 15 ساڵی ئیلام لەخۆدەگرێت و 60٪ـەکەی دیکە هەژمارنەکراون، بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئێران لە دیاریکردنی ئاماری بێکاریدا تەنیا ئەو کەسانە تۆماردەکات کە بە فەرمی ناویان وەک بێکار نووسیوە.
 
عەباس قاسمیزاد لە ئیلام بە شێوەی رۆژانە کرێکاری دەکات. ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی راگەیاند، "لە کاژێر 7ی بەیانییەوە لە گۆڕەپانی کرێکاران وەستاوم و تاوەکو ئێستا کە کاژێر 4ـی دوانیوەڕۆیە کارم دەستنەکەوتووە. ماوەیەکی زۆرە بێکارم و کارم دەستناکەوێ. کار زۆر کەمە."
 
لە بەهاری ئەم ساڵدا رێژەی چارەڕەشی یان فەلاکەت لە ئیلام 45.5٪ بوو. ئەو رێژەیە لەسەر بنەمای زۆری هەڵاوسان و بێکاری هەژماردەکرێ و لەنێو 31 پارێزگادا تەنیا دۆخی چوار پارێزگا لە ئیلام خراپتر بووە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە گەنجانی کۆچ بکەن.
 
وەحید محەممەدی، فرۆشیاری کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل لە ئیلام بە رووداوی گوت، "چوار کارگە و کۆمپانیا و یەکەی بەرهەمهێنانی باش هەبووایەن، گەنجانی بێکار دەیانتوانی کاریان تێدا بکەن، بەڵام هیچی لێ نییە. بەشێک لە گەنجان بەو هۆیەوە بەرەو دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکە کۆچ دەکەن. لە جێگەی دیکەش کێشە و گرفتی زۆریان بۆ دێتەپێش."
 
ئیلام لە رووی رووبەر و ژمارەی دانیشتووان، بچووکترین پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بۆ سەرچاوەکانی نەوت و گاز دەوڵەمەندترینە. 11٪ی کۆی یەدەگی گاز و 6٪ی یەدەگی نەوتی هەموو ئێران لەو پارێزگایەیە. دانیشتووانی ئیلام دەڵێن، ئەو سەرچاوانە هیچ سوودیان بۆ خەڵک نییە.
 
نیعمەت عاقبەت، خاوەن مارکێت لە ئیلام دەڵێت، "سەرچاوەی زۆری داهاتمان هەیە وەک نەوت و گاز و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەڵام بەداخەوە هیچ کێشەیەکی خەڵکیان چارەسەر نەکردووە و نەبوونەتە هۆی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. گەنجەکانمان بەهۆی بێکارییەوە ناتوانن ژیانی هاوژینیش پێکبێنن. گیرفانی خەڵک بەتاڵە و دەبێ حکومەت بیر لە چارەسەرکردنی بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە