رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆن کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان لە "هەندێک کار بەدووربگرن" و دەڵێت، "دەبێت بێلایەن بن و پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەران دروست نەکەن."
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن، لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چاودێرانی هەڵبژاردن بەشدار دەبن.
کۆمیسیۆن کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدانی پابەندکردووە بەوەی "خۆیان لە دەنگدەران بەدووربگرن و هیچ شتێكیش لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاونەکەنەوە."
کۆمیسیۆن: دەبێت کارمەندانی سەر سندووق بێلایەن بن
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، کۆمەڵێک رەفتار و کار هەن دەبێت ئەو کارمەندانی سندووق و بنکەکان دەپارێزن خۆیانی لێ بەدووربگرن، ئەگەرنا پاداشتەکانیان وەرناگرن. پێویستە هەر ئەنجامێک دەگاتە دەستیان و پێشکێشی دەکەن، پشت بە پێداچوونەوەیەکی ورد و گشتگیر ببەستێت."
نەبەرد عومەر دەڵێت، ئەوان پابەندی هەموو ياسا بەرکارەکانی عێراق بن. مەرجە ئازاد بن لە بڕیاردان بەبێ دەستێوەردان و لە چوارچێوەی سەروەریی ياسادا کاربکەن، دەبێت کارمەندان بۆ بەرژەوەندیی پرۆسەی هەلبژاردن کاربکەن، نەک هەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی یان سیاسی، بێلایەن بن و پشتگیری بۆ هیچ حیزب و بەربژێرێک نەکەن."
وەرگرتنی دیاری لەلایەنە سیاسییەکان قەدەخەیە
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان وردەکاری زیاتر لەبارەی ئەرکی ئەو کارمەندانەی کۆمیسیۆن باس دەکات و دەڵێت:"دەبێت خۆیان بەدووربگرن لە هەڵگرتنی چەک یان هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانە، نابێت دیاری یان خزمەتگوزاری لە هیچ لایەنێکی سیاسی یان بەربژێرێک وەربگرن و دەبێت دووربکەونەوە لە دەستێوەردانی لە کاری حیزبە سیاسییەکان و خەڵك. هەروەها پێویستە رێز لە نهێنیی دەنگدان بگرن، نەچنە نێو کابینەی دەنگدان و خۆیان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەران بەدووربگرن بۆ رێگریکردن لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنیان."
هەروەها رێگەش نادرێت ئەو کەسانە راگەیێنراو یان سەرنج لەسەر ئەنجام دەرببڕن تاوەکو ئەو کاتەی کۆمیسیۆن ئەنجامە فەرمییەکان رادەگەیێنێت.
جگە لەو رێکارانە، بە گوتەی نەبەرد عومەر، "دەبێت کارمەندان و چاودێران باجی متمانەپێدانیان لە ملدا بێت بۆ ئەوەی پێشانی کۆمیسیۆنی بدەن، پێویستە خۆیان بە دەنگدەران بناسێنن و چاودێریی هەموو قۆناخەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە نزیکەوە بکەن، سەبارەت بە هەر کێشەیەک راپۆرت بۆ کۆمیسیۆن بنێرن."
جگە لە چاودێرانی نێوخۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، رێکخراو، کۆنسوڵخانە و رۆژنامەڤانانی بیانی دەتوانن خۆیان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە تۆمار بکەن. بەگوێرەی رێکارەکانی تۆمارکردنی چاودێرانی بیانی، ئەو رێکخراوە بیانییانەی داواکاری پێشکێش دەکەن، دەبێت مۆڵەتی کارکردنیان لە حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت.
کۆمیسیۆن: هەر فەرمانبەرێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات، پاداشتی دارایی وەرناگرێت
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەموو کارمەندانی بنکەکان ئاگادار دەکاتەوە: "ئەگەر سەرپێچیی ئەو رێنماییانە بکەن، دوای تۆمارکردنی سکاڵا و پشتڕاستکردنەوەی سەرپێچییەکانیان، بێبەش دەبن لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان و هیچ کاتێکی دیکە ناتوانن ببنەوە فەرمانبەری کۆمیسیۆن و مافی خۆتۆمارکردنیان نامێنێت".
جگە لەو کارمەندانەی لە رێگەی لینکێکەوە ناویان وەکو چاودێری سەر سندووقەکان گەڕاوەتەوە، لایەنە سیاسییەکانیش دەتوانن چاودێری سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار بکەن. هەر حیزبێک دەتوانێت نزیکەی 6 چاودێر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تۆمار بکات."
هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناوی 5,599 کەسیان تۆمار کردووە، کە کۆی گشتیی هەردووکیان دەکاتە 11,198 کەس.
ئەو کارمەندانەی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ سەر سندووقەکان دەرچووە بەمشێوەیەن:
- پارێزگای هەولێر: 12,339 کەس.
- پارێزگای سلێمانی: 13,340 کەس.
- پارێزگای دهۆک: 8,256 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ