رووداو - سلێمانی
بەکارهێنەرانی سۆپای دار لە شاری سلێمانی زیادیکردووە. لەبەر گرانیی نەوتی سپی، نزیکەی دوو ساڵە لوقمان عەبدول لەنێو شاری سلێمانی سۆپایەکی داری لە ماڵەکەی لە گەڕەکی کانی کوردە داناوە و دەڵێت، "نرخی دار لە بازاڕ گرانە."
لوقمان عەبدول زیاتر لە 20 ساڵە لەنێو شاری سلێمانی نیشتەجێن، لەو کاتەوەی سۆپای داریان داناوە، نەوتیان بۆ سۆپا نەوتەکەیان نەکڕیوە و دەڵێت، "نەوتمان بۆ نەدەکڕدرا، چونکە خانووەکەمان گەورەیە و حەزیشم لە سۆپای دار بوو، بۆیە ئەمەم کڕیوە. لە گوند باخم هەیە داری وشکەڵ و خراپبووی تێدایە، ئەمانە کۆدەکەینەوە و پاییزان دەیانهێنینەوە لە شار دەیسووتێنین. هەندێکجاریش لە سلێمانی دەیکڕین، بەڵام نرخیان بەرزە."
بەکارهێنانی سۆپای دار لەنێو شار زیادیکردووە و بەپێی ئامارێک کە لە سێ هاوردەکاری سۆپای دار وەرگیراوە، بۆ زستانی ساڵی رابردوو 350 سۆپایان بۆ سلێمانی هێناوە، بەڵام بۆ زستانی ئەمساڵ زیادیانکردووە بۆ 710 دانە.
ئومێد عومەر، فرۆشیاری سۆپای دار ئاماژە بەوە دەکات، "پێشتر زۆربەی خەڵک لە گوندەکان سۆپای داریان بەکاردەهێنا، بەڵام کە زانییان سوودی لێ وەردەگرن، ئێستا لەناو شاریش بەکاریدەهێنن، بە نموونە ئەگەر پێشتر پێنج کەس داوای سۆپای لێ کردبین، ئێستا 20 کەسە."
ئەو سۆپایەی لە ناوخۆش دروستدەکرێت، خواست لەسەری هەیە و نرخەکەی بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت.
هەژار مەحموود، خاوەنی کارگەی هەژار دەڵێت، "ئەم یەک دوو ساڵە خەڵک بۆ ناو شاریش سۆپا دەکڕن، لە کاتێکدا پێشتر هەر بۆ گوندەکانبوو. نرخی سۆپا تورکییەکان گرانە و ئەمانەی خۆشمان 35 یان 40 و 50 هەزار دینارە."
نرخی داری سووتاندنیش بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک کە ئێستا نرخی پیکاپێک دار بە 150 بۆ 200 هەزار دینارە.
هەڵۆ جەلال، دارفرۆش باس لەوە دەکات، "ماوەیەکە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە رۆژانە خەڵک دێن بە پیکاپ یان ئۆتۆمبێلی بچووک دار دەکڕن، تەنانەت خەڵک هاتووە کەمدەرامەت بووە، پڕی سندووقی ئۆتۆمبێلەکەی داری کڕیوە."
دیارترین ئەو سۆپایانەی لەنێو شاری سلێمانی بەکاردێن، ئەو سۆپایانەن کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و نرخیان لە 100 دۆلارەوە تاوەکو 400 دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ