بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ رووداو: ئەمڕۆ کێشەی مووچەی مامۆستایان چارەسەر دەکەین

09-02-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە پێنجشەممەوە مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشکراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا مامۆستایانی سنووری چەمچەماڵ وەریاننەگرتووە. بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ دەڵێت، "ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر دەکەین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، سەنگەر عەلی، مامۆستا لە سنووری چەمچەماڵ بە رووداوی گوت: "لە هەموو پەروەردەکان مووچەی مامۆستایان دابەشکراوە؛ تەنیا پەروەردەی چەمچەماڵ نەبێت، تاوەکو ئێستا مووچەمان وەرنەگرتووە." 
 
بە گوتەی مامۆستایەکە، هۆکاری دواکەوتنی مووچەکەیان، دواکەوتنی ئامادەکردنی لیستی مووچەیە لەلایەن پەروەردەی شارەکەوە.
 
سەنگەر عەلی دەڵێت، "بەڕێوەبەر هەیە تاوەکو ئێستا چەکی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی بچێت لە گەنجینە پارەی مووچەی کارمەندەکانی وەربگرێت و دابەشی بکات. بەکورتی تاوەکو ئێستا خەمیان لە بابەتەکە نەخواردووە."
 
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا کاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "لیستمان ئامادە کردبوو، بەڵام کێشەی سەرپەرشتیمان هەبوو. خەزێنە قبووڵی نییە لیستی مانگی یەک لەگەڵ ئەوەی هاتووەتەوە نە دینارێک کەم بکات، نە دینارێک زیاد بکات، ئەمڕۆ کۆتایی بە کێشەکە دێنین، هەوڵدەدرێت بەزووترین کات مووچە دابەش بکرێت."
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ گوتیشی، "کێشەی خانەنشینانمان هەبووە، بەهۆی ئەوەی ماوەی دەوامکردنیان بۆ درێژکراوەتەوە؛ هەیە کێشەی دیکەی هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، دوو رۆژە پشوومان نەداوە و کار دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە