خاوەن چێشتخانەیەک لە سلێمانی: پۆلیسی هاتووچۆی شارەکە رێی کاسبیی لێگرتووین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خاوەن چێشتخانەیەک لە گەڕەکی ' کانی با'ی سلێمانی دەڵێت، پۆلیسی هاتووچۆ هەفتەیەکە ناهێڵێت هیچ ئۆتۆمبێلێک لەو شەقامەی نزیک نەخۆشخانەی شۆڕش بوەستێندرێت، "بەو هۆیەوە کڕیارمان کەم بووە و دووەم هەفتەیە زەرەر دەکەم." هاتووچۆیش دەڵێت، "شەقامەکەیان خنکاندووە و جووڵە تێیدا دەوەستێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026 بارزان جەلال ساڵح، خاوەنی چێشتخانە لە گەڕەکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "23 کارمەندم هەیە؛ مانگانە نزیکەی 15 هەزار دۆلار کرێی شاگرد، دووکان، باج، ئاو و کارەبا دەدەم. لەبەردەم دووکانەکەم هێڵی خزمەتگوزاری کراوە، بەڵام کارمەندێکی هاتووچۆ ناهێڵێت ئۆتۆمبێل بوەستێت."
 
بە گوتەی ئەو خاوەن چێشتخانەیە، شەقامەکە کەوتووەتە نێو گەڕەکەوە؛ بەهۆی ئەوەی ناهێڵن ئۆتۆمبێل بوەستێت، کڕیاریان نەماوە و لەبەر پێبژاردن کەس ناوێرێت بوەستێت.
 
لەوبارەوە راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیادەڕۆیی دەکەن؛ یەک سایدە و وەستان ئاساییە، بەڵام سەرپێچی لەو شەقامە زۆرە و وای لێدێت شەقامەکە دادەخەن."
 
بارزان جەلال روونیکردەوە، "لای ئێمە برنج و شلەی سادە بە 43 هەزار دینارە، چونکە کڕیار 40 هەزار پێبژاردنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی دەدات و سێ هەزاریش هەقی خواردنەکەی ئێمە. بێگومان کەس ئۆتۆمبێل راناگرێت و نانیش لای ئێمە ناخوات."
 
بەگوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیی شوێنەکە، ئەو شەقامە زیاتر لە 20 چێشتخانە و چەندین دووکانی جۆراوجۆری لێیە، پێشتر وا نەبووە؛ ئێستا ئەو بڕیارەی هاتووچۆی سلێمانی کاسبکارانی هەراسان کردووە.
 
راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، "هەڵمەتەکە زیاتر پەیوەندیی بە شارەوانییەوە هەیە، شارەوانی داوای کردووە هاوکارییان بکەین؛ دەزانین دۆخەکە هی ئەوە نییە خەڵک سەرپێچی بۆ تۆمار بکرێت، بەڵام خەڵکێک هەیە گوێ ناگرێت و حیساب بۆ هیچ شتێک ناکات. ناکرێت بڵێی بە پێنج خولەک وەستان چی دەبێت، نابێت پێنج خولەک شەقام دابخرێت."
 
خاوەنی چێشتخانەکە دەڵێت، "نامانەوێت خەڵک سەرپێچی بکات و ئێمە دەست بخەینە ئیشی حکومەتەوە؛ بەڵام ئەم بڕیارە کاری لە هەموومان کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە