رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی ساڵێکدا لەو پارێزگایە زیاتر لە 18 هەزار منداڵ لەدایکبوون، بەڵام ئاماری جیابوونەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە بەرامبەر هەر دوو پرۆسەی هاوژینی، جیابوونەوەیەک تۆمار کراوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، عەلی جۆکار، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە ئاماری ساڵێکی تۆمارکردنی رووداوەکانی (لەدایکبوون، مردن، هاوژینی و جیابوونەوە)ی لە پارێزگاکە خستەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە رێککەوتی 21-1-2025 تاوەکو 21-1-2026، واتە لە ماوەی یەک ساڵدا، 18 هەزار و 198 منداڵ لە پارێزگای سنە لەدایکبوون.
بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا 12 هەزار و 19 پرۆسەی هاوژینی تۆمار کراون، بەڵام لە بەرامبەردا ئاماری جیابوونەوە بەرزە.
عەلی جۆکار گوتی: "لەو ماوەیەدا 8 هەزار و 273 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە". بەمەش بەگوێرەی داتاکان، لە پارێزگای سنە لە بەرامبەر تۆمارکردنی هەر دوو پرۆسەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، یەک جیابوونەوە تۆمار کراوە.
سەبارەت بە ئاماری مردنیش، بەڕێوەبەری تۆماری باری کەسیی سنە ئاشکرای کرد، لە هەمان ماوەدا هەشت هەزار و 681 دۆسیەی مردن لە پارێزگای سنە تۆمار کراون.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، یەک ملیۆن و 747 هەزار و 445 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ