رووداو دیجیتاڵ
لە کەلار بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گەنجێک گیانی لەدەستدا، کە ماتۆرسوار بووە.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، رۆژی دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارهەڵگرێک ماتۆڕسکیلێکی شێلا و بەهۆیەوە ماتۆڕسوارەکە گیانی لەدەستدا".
رووداوەکە لە گەڕەکی شارەوانی لە کەلار نزیک کاژێر 05:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە روویداوە. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لەدایکبووی ساڵی 2000ـە و تۆمەتبارەکەش لەدایکبووی 1986ـە.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان گوتی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە.
رووداوەکەی ئەمڕۆ یەکەمین رووداوی هاتووچۆیە لە ئەم ساڵدا لە سنووری گەرمیان گیانلەدەستدانی لێکەوتبێتەوە.
بەگوێرەی نوێترین ئامار لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە بۆ رووداو، لە ساڵی 2018وە تاوەکو مانگی ئابی 2025 لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 21 هەزار 646 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 3137 کەس گیانیان لەدەستداوە و 39 هەزار و 339 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ