شەپۆلێکی باران، بەفر و تەرزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

09-03-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن کەش و هەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەپۆلێکی باران، بەفر و تەرزەبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "شەپۆلەکە لە رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات".
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 10-3-2021 شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە و لە سەنتەری شارەکانیشدا نمەباران دەبارێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە رۆژی پێنجشەممەوە ئاسمان زیاتر نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما 4-6 پلەی سیلیزی دەبن، هەروەها خێرایی با لە هەندێ ناوچە دەگاتە زیاتر لە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. لە شەودا قۆناخی دووەمی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە کە سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە.
 
بەپێی راگەێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان "رۆژی هەینی بارانبارینەکە بەخوڕتر دەبێت و لە هەندێ ناوچە لێزمەباران دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئەگەری بەفربارین هەیە و لە هەندێ ناوچەش تەرزە دەبارێت". 
 
شەپۆلەکە تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی 12-3-2021 بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە