قایمقامی خورماتوو : لافاو رێگەی گواستنەوەی کاڵای لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پەکخستووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای خورماتوو رایدەگەیێنێت، بەهۆی لافاوی ئەمساڵەوە سێ پردی ستراتیژیی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە و "شادەماری" گواستنەوەی کاڵا لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق پەکیکەوتووە؛ ئاشکراشی دەکات کە رۆژانە هاتووچۆی نزیکەی پێنج هەزار بارهەڵگر ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، د. زولفەقار حەیدەر، قایمقامی قەزای خورماتوو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو، رایگەیاند: "لافاوەکەی ئەم دواییە زیانی گەورەی بە پردی باشووری خورماتوو گەیاندووە کە لە ساڵی 1961ـەوە دروستکراوە. ئێستا ئەو پردە مەترسیی رووخانی یەکجاریی لەسەرە و تەنیا ئۆتۆمبێلی بچووک دەتوانێت هاتووچۆی پێدابکات."
 
بەگوتەی قایمقامی خورماتوو، ئێستا قەزاکە لە سێ قۆڵەوە دووچاری تەنگژەی رێگەوبان بووەتەوە:
 
1- پردی باشووری خورماتوو: کە رێگەی سەرەکیی کەرکووک-بەغدایە، لایەکی رووخاوە و بارهەڵگرەکان ناتوانن بەسەریدا تێپەڕن.
2- پردی زەرگە: کە خورماتوو بە تکریت دەبەستێتەوە، لافاو بەیەکجاری ئەو رێگەیەی بڕیوە.
3- شەقامی بازنەیی: کە وەک جێگرەوەی پردەکان بەکاردەهات، بەهۆی لافاوەوە پەکیکەوتووە.
 
د. زولفەقار حەیدەر ئاماژەی بە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو پەککەوتنە کرد و گوتی: "رۆژانە چوار بۆ پێنج هەزار بارهەڵگر کاڵا و شمەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەگوازنەوە، بەڵام ئێستا هاتووچۆی بازرگانی تووشی گرفتێکی گەورە بووە."
 
هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی پردەکان
 
قایمقامی خورماتوو ئاشکرای کرد کە دوای سەردانی پارێزگارانی کەرکووک و سەڵاحەدین بۆ ناوچەکە، داوایان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رۆتین وەلا بنێن و بڕیاردراوە پردێکی نوێی دووساید بۆ رێگەی سەرەکیی بەغدا دروستبکرێت.
 
لەبارەی پردی زەرگەش، بەڵێنیان پێدراوە لە رێگەی "تیمی هەوڵی خزمەتگوزاری و ئەندازیاریی" سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە زووترین کات دەست بە کارکردن بکرێت، چونکە چیدی رێگەی خاکی بەرگەی لافاو ناگرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیستەمی سۆلار

لە سلێمانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە گەیشتە 85 مێگاوات

دانانی سیستمی کارەبای وزەی خۆر (سۆلار) لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووی لە زیادبوون کردووە؛ بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 85 مێگاوات و زیاتر لە سێ هەزار هاوبەشیش سیستمەکەیان داناوە.