رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ 9ـى ئایارى 2022 نوێنەرانى هاوپەیمانیی رزگارکردنى نیشتمان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە. پەرلەمانتارێکى پارتى دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بۆ پاڵشتیکردنى دەستپێشخەرییەکەى موقتەدا سەدرە."
مەحما خەلیل، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 9-5-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەمڕۆ نوێنەرانى هاوپەیمانیى رزگارکردنی نیشتمان لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کۆدەبنەوە.
مەحما خەلیل گوتی، "کۆبوونەوەکە بۆ کۆتاییهێنانە بە چەقبەستوویی سیاسیى ئێستاى عێراق و دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایانەى گرنگن. ئەوە جگە لە پاڵپشتیکردنى دەستپێشخەریى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بۆ پێکھێنانى حکومەتى نوێ لەلایەن سەربەخۆکانەوە."
رۆژی 4ـى ئایارى 2022، چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستپێشخەرییەکى 18 خاڵى بۆ چارەسەرى دۆخى ئێستاى سیاسى عێراق راگەیاند و تێیدا داوایکرد لایەنەکان گفتوگۆ دەستپێبکەن و بەشداریکردنى لایەنەکان لە حکومەت خۆویستانە بێت. پێویستە حیزبە کوردستانییەکان هەوڵبدەن لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. پۆستی سەرۆکوەزیران لای گەورەترین پێکهاتە بێت کە مەبەستى پێکهاتەى شیعەیە.
هەمان رۆژ موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر پێشنیازێکى خستە بەردەم پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کە لە ماوەى 15 رۆژدا حکومەتى نوێى عێراق پێکبهێنن بەبێ بەشداریى رەوتەکەى لە وەزارەتەکانیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ