ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: هەڵبژاردن دەبەینەوە

09-05-2024
شیراز رەئوف
ئامێرێکی دەنگدان
ئامێرێکی دەنگدان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، هەر لایەنێک پرۆسەی هەڵبژاردن بە دواخستن بدات، ستەمی لە پرۆسەی دیموکراسی کردووە و ئۆباڵی دواکەوتنی هەڵبژاردن لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە. دەشڵێت: "هەڵبژاردن دەبەینەوە".
 
لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "هیچ هێزێکی سیاسی نابێت هەڵبژاردن بەدواخستن بدات و بیانووەکانی دواخستنی هەڵبژاردن واقیعی نین".
 
گوتیشی: "ساڵێک پێش تەواوبوونی وادەی پەرلەمان داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنمان کرد و ئۆباڵی دواکەوتنی هەڵبژاردن لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە هەموو لایەنە سیاسییەکان سازان لەبارەی هەڵبژاردن تەنیا پارتی نەبێت".
 
"شەڕی ئیرادە"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ، وەردی باسی لە شەڕی ئیرادە کرد و گوتی: "یەکێتی شەڕی ئیرادەی لە پارتی بردەوە، چونکە پارتی ناچارکرد پەنا بۆ ئەو دادگەیە بەرێت کە بە نادەستووری ناوی دەبرد".
 
گوتیشی: "یەکێتی بڕوای بە دادگەی فیدراڵی هەیە و بە دادگەیەکی دەستووریی دەزانێت و پێشتریش پارتی ناچاری کردین پەنا بۆ ئەو دادگەیە بەرین کاتێک گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکانی بە بنبەست گەیاند".
 
ئەو گوتانەی لوقمان وەردی لەکاتێکدایە، چوارشەممە، 08-05-2024، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیمانگەی واشنتن لە پانێڵێکدا گوتی "پارتی و یەکێتی دوو حیزبی جیاوازن؛ ئایدیۆلۆژیا، سیستم و پێکهاتەی جیاوازیان هەیە. هاوبەشیی دەسەڵاتی نێوانمان لەمکاتەی ئێستا وەک ئەوە نییە کە من دەمەوێت."
 
سەرۆکی یەکێتی گوتیشی "پەیوەندییەکە وەکو بەندۆڵێک وایە، هەندێک جار زۆر باشە و هەندێک جاریش زۆر خراپە. پێموانییە نێوانمان زۆر خراپ بێت، بەڵام بەندۆڵەکە بەردەوام بە ئاراستەی جیاواز دەجووڵێت."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە رووداوی ئەمڕۆ، لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە دۆخی حیزبەکەی کرد و گوتی: "یەکێتی، ئێستا دۆخی زۆر باشە و بەهیچ شێوەیەک ترسی نییە لە هەڵبژاردن".
 
"هەڵبژاردن دەبەینەوە و رێڕەوی حکومڕانی راست دەکەینەوە" لوقمان وەردی وای گوت. گوتیشی: "هیچ هێزێک لە یەکێتی جیانەبووەتەوە و هەر هێز و لیستێکی سیاسیی نوێش دروستبکرێت کاریگەریی لە پێگەی جەماوەریی یەکێتی ناکات".
 
هەر رۆژی چوارشەممە، 8ـی ئایاری 2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهۆی بڕیاری کاتیی دادگەی فیدراڵی کە پەیوەستە بە دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرجەم ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی راگرت، بەبیانووی ئەوەی ژمارەی دەنگدەر گوزارشت نییە لە ژمارەی دانیشتووان، کە ئێمە پێمانوانییە ئەو بابەتە ببێتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بەتەواوەتی رابگیرێت".
 
گوتەبێژی یەکێتی گوتی: بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی زیاتر مۆرکی سیاسی پێوە دیارە، لەبەر ئەوەی هەر داخوازییەک لە بابەتێکی هەستیاری لەم شێوەیە کە بۆچوون و لایەنی جیاوازی تێدابێت، بەلای کەمەوە پێویستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە هەیە، بەڵام بە کەمتر لە 24 سەعات بڕیاریان دا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە