خورشید هەرکی بۆ رووداو: کێشەکەمان لەگەڵ هۆزی گۆران چارەسەر بوو

10-07-2025
پەیمان محەممەد
خورشید هەرکی، کەسایەتی هۆزی هەرکی.
خورشید هەرکی، کەسایەتی هۆزی هەرکی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خورشید هەرکی، کەسایەتیی هۆزی هەرکی دەڵێت، بە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی خەبات هێنرا. دەشڵێت، ''لیژنەیەک پێکهێنراوە کە بەدواداچوون بۆ ئاڵۆزییەکان دەکات و هەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدرێت ئێمە لاریمان نییە''.
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025 لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و کەسێک بە ناوی خورشید هەرکی روویدا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەی دا و تیمێکی بۆ بەدواداچوون ناردە خەبات. خورشید هەرکی لەوبارەوە قسەی بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ''ئەو رووداوە کارەساتێکی گەورە بوو، بۆیە هانامان بۆ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان برد کە کارەساتەکە لەوە گەورەتر نەبێت.''
 
ئەو کەسایەتییەی هۆزی هەرکی ئاماژەی بەوە کرد، ''سوپاس بۆ خودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت بە زووترین کات هاتنە سەر هێڵ و ئەم کێشەیە چارەسەر بوو.''
 
ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە لە خەبات بەهۆی ناکۆکیی نێوان دوو بنەماڵە لە هۆزەکانی گۆران و هەرکی لەسەر خاوەنداریەتیی پارچە زەوییەک روویدا.
 
خورشید هەرکی دڵنیایی دەدات کە کێشەکە دووبارە نابێتەوە و گوتی: ''سوپاس بۆ خودا کۆتایی بە کێشەکە هاتووە. ئێمە هەموو هاووڵاتیی ئەو وڵاتەین، پێشمەرگەی ئەو حکومەتەین، پێشمەرگەی جەنابی سەرۆک بارزانین.''
 
خورشید هەرکی سەرەڕای ئەوەی بەرەوڕووی هێزە ئەمنییەکان ببووەوە و ئامادە نەبوو خۆی رادەست بکات، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەردانی هەولێری کرد و لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر بوو، من داوای لێبووردن لە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، ئەگەر ماندوومان کردبێت.''
 
لە ئەنجامی ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە دوو کەس کوژران، یەکێکیان کارمەندی زێرەڤانی بوو بە ناوی فەلاح حەسەن، کە خەڵکی قەزای کفری بوو، ئەوەی دیکەش هاونیشتمانییەکی دانیشتووی خەبات بوو بە ناوی سەمیر هەرکی، ئەمە جگە لەوەی چەند کەسێکیش بریندار بوون.
 
خورشید هەرکی لەبارەی قەرەبووی کەسوکاری ئەو دوو هاونیشتمانییەی لە رووداوەکەدا کوژران دەڵێت، ''پێشمەرگە هەموو کات گیانی لەسەر دەستە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەهیدی ئەو وڵاتەی هەژمار دەکات، ئێمەش بەڕووی عەشیرەییەوە بە هانای یەکەوە دەچین''.
 
دەقی قسەکانی خورشید هەرکی:
 
رووداو: ئەمڕۆ ئەم تیمەی کە بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان  هاتنە لای ئێوە، چۆن بوو بڕیارتان دا کە ئێوەش بێن بۆ هەولێر؟
 
خورشید هەرکی: پێشەکی زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تیمێکی خۆی نارد بۆ ئەوەی کێشەکە کۆتایی بێت، سووپاس بۆ خودا بە زووترین کات چارەسەر بوو و زۆر سوپاسی رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، هەروەها سەرۆکی حکومەت، هەموو لەسەر هێڵ بوون و خەمی ئەوان ئەوە بوو کە ئەم کێشەیە زیاتر پەرە نەستێنێت و سوپاس بۆ خودا کۆتاییهات.
 
رووداو: لەگەڵ تیمەکە باسی چیتان کرد و بڕیاری چی درا؟
 
خورشید هەرکی: کاتێک ئەو تیمە لەسەر بڕیاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هات، خۆی پەیامەکەی ئاشتی بوو، پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێکەوەژیانە، میانڕەوییە، واتا لەبری هۆزی هەرکی سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، بۆ ئەو رۆڵ و خەمخۆرییە، بۆ ئەوەی زیاتر هاووڵاتیی ئێمە خوێنیان نەڕژێت.
 
رووداو: ئێستا کێشەکە کۆتاییهاتووە؟
 
خورشید هەرکی: بەڵێ. کێشەکە کۆتاییهاتووە، بەڵام خۆم لێرەوە داوای لێبووردن لە کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەم، ئەو پێشمەرگەیە و ئەو گەنجە لە خوێنی ئێمە رۆیشتن بەداخەوە. سوپاس بۆ خودا لەوەندە گەڕایەوە و کۆتایی بە دۆخەکە هات، رۆڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، ئەو خەمە بوو کە ئینشائەڵڵا ئەو شتە دووبارە نەبێتەوە.
 
رووداو: هەنگاوی دواتر چی دەبێت؟
 
خورشید هەرکی: کێشەکە کۆتاییهاتووە، فەرمان، فەرمانی جەنابی سەرۆکە، لەسەر ئەو بابەتە هەموو لەسەر هێڵ بوون. شێخ (لاوان) هاتە سەر هێڵ، کاک ئیدریس نێچیرڤان بارزانی هاتە سەر هێڵ. کێشەکە کۆتاییهاتووە و زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەم.
 
رووداو: سەرۆک بارزانی هەموو کات لەگەڵ ئاشتەواییە، بەتایبەتی لەنێوان هۆزەکان ئێوە ئامادەن کە بگەنە رێککەوتنێکی یەکجاری؟
 
خورشید هەرکی: بەڵێ. فەرمان فەرمانی جەنابی سەرۆکە. ئێمە هیچ لاریمان نییە، جەنابیان فەرمان دەکات، هەر کاتێک بڕیارێکی یەکلاکەرەوە درا، ئێمە بەو بڕیارە رازین بەبێ دوودڵی. من سوپاسی تاکە تاکی هۆزی هەرکی دەکەم، ئەگەر شەونخوونیان چێشتبێت، سوپاسیان دەکەم. من خوڵامی تاکە تاکەیانم، پێڵاوی بچووکیان تاوەکو گەورەیان لەسەر سەرم دادەنێم.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە