رووداو دیجیتاڵ
بە گوژمەی 230 ملیۆن دۆلار، قۆناخی یەکەمی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ لە عێراق، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، کە لەلایەن کۆمپانیای "جایکا"ی ژاپۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامانج لێی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ دانیشتووانی هەولێر و دەوروبەری، هاوکات باشترکردنی ژینگەی شارەکە و بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
ئیندۆ کیرۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، لە رێوڕەسمی واژۆکردنی دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا رایگەیاند: "بەڵێ، ئێمە ئەمڕۆ رێوڕەسمی واژۆکردنی دانانی پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاومان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. پڕۆژەکە پاککردنەوەی ئاوەڕۆی هەولێر و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی هاوشێوەن. هیواخوازین ئەم پڕۆژەیە ئاوی پاک بۆ هەولێر و دەوروبەری دابین بکات. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە ژینگە و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەبێت."
پڕۆژەکە بە گشتی لە 8 قۆناخ پێکدێت و بڕیارە ئاوی پیسی هەولێر بە تەواوی پاکبکاتەوە. قۆناخی یەکەم لە رۆژئاوای هەولێر و لەسەر رووبەری 82 هەزار مەتر دووجا دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو ببێت. ئەم قۆناخە، جگە لە ئاودانی پشتێنەی سەوزی هەولێر، زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەریش بە ئاوی پاک بەراو دەکات.
ئەندازیار ئامۆژگار حەوێزی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە رووداوی گوت، "یەکەمجارە پڕۆژەیەکی لەم جۆرە لە عێراق هەبێت و لەلایەن کۆمپانیای ژاپۆنییەوە دروستبکرێت. پڕۆژەکە گەورەیە و ئێمە کردوومانەتە بەش بەش. ئەمڕۆ یەکەم بەشی رادەگەیێنین کە 230 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە لەلایەن ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتیی جایکا و کۆمپانیای ژاپۆنی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات."
ئەندازیار ئامۆژگار زیاتر روونیکردەوە: "مزگێنی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە ئێستا ئێمە کاتێک سەوزە دەخۆین، بە ترسەوە دەیخۆین و نازانین ئاوەکەی پیسە یان خاوێنە. دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، بێخەم دەبین لەوەی سەوزەکان بە ئاوی پاک ئاودێراون."
پڕۆژەکە بە هەر 8 قۆناخییەوە نزیکەی نیو ملیۆن مەتر دووجا زەوی بۆ تەرخان کراوە. بڕیارە بە تەواوبوونی کۆی قۆناخەکان، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس سوودمەندبن، تەنها لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە 200 هەزار هاونیشتمانی سوودی لێوە دەبینن.
بە دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو دابینکردنی ژینگەیەکی پاکتر و تەندروستییەکی باشتر، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی پایتەخت دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ