راکان جبووری دوای دوورخستنەوەی لە هەڵبژاردن، کوڕەکەی دەکاتە جێگرەوەی

09-09-2025
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی راکان جبووری تانەی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دا کە لە بەربژێربوون دووریخستبووەوە، ئەمڕۆ دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسییەوە دا.
 
نووری ئیسحاق، بەربژێری هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک کە لیستەکەی راکان جبوورییە، رۆژی سێشەممە بە رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتێکی کەمی دیاریکردبوو بۆ دانانی جێگرەوە بۆ راکان جبووری، بۆیە ناچاربووین بەپەلە جێگرەوە دابنێین و قوتەیبە راکان جبووری لە شوێنەکەی باوکی دانرا."
 
نووری ئیسحاق گوتیشی: "ئەو تانەیەی لە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانمان دابوو رەتکرایەوە و راکان جبووری لە بەربژێری دوورخرایەوە".
 
بەپێی بڕیارەکە کە واژۆی سێ دادوەری لەسەرە، راکان جبووری بە فەرمی لە بەربژێری دوورخراوەتەوە.
 
راکان جبووری بە مادەی 340ی تایبەت بە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی تۆمەتبارە.
 
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 24ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوورخستنەوەی راکان سەعید عەلی جبووری لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسندکرد. بڕیارەکەش بەکۆی دەنگی  ئەندامانی ئەنجوومەن دراوە. 
 
21ـى نیسانی 2025یش راکان جبوورى بە فەرمانى دادگەی رەسافەی بەغدا راگیرا و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا، ئەوەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کرابوو، لەوانە بەکارهێنانی بودجەی ئاوەدانکردنەوە بۆ میوانداری، گەڕاندنەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر کە لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، دانانى کەسێک بە "نایاسایی" لە پۆستى راوێژکارى پارێزگار، سەرپێچى لە وەرگرتنى هاوکارییەک و دابەشکردنى لە ساڵى 2021.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە