رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایدەگەیێنێت، 83٪ی کارەکانی پڕۆژەی رێگەی قەڵادزێ - دارەشمانە تەواو بووە، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە نەبوونی نەختینە (پارەی کاش) بووەتە گرفت لەبەردەم تەواوکردنی بەشێک لە پڕۆژەکانی دیکەی سنوورەکە.
ئەندازیار ئومێد حەمە عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی راپەڕین، کە میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، پڕۆژەی رێگەی قەڵادزێ - دارەشمانە کە درێژییەکەی 10.3 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 3 ملیار و 76 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
ئومێد حەمە عەلی رایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات ئەو پڕۆژە ستراتیژییە تەواو بکرێت، "چونکە رێگەیەکی گرنگی بازرگانی و هاتووچۆی هاونیشتمانییانە."
ئومێد حەمە عەلی باسی لەوە کرد، ساڵی رابردوو 9 پڕۆژەی "گرنگ" بەردی بناخەیان بۆ دانرا، "بەڵام نەبوونی نەختینە وایکردووە کارکردن لە بەشێکیاندا خاو بێتەوە یان بوەستێت." وەک نموونە باسی رێگەی گوندەکانی هەڵۆنە، نۆڵچکە و لۆتەر لە ناحیەی بنگرد کرد و گوتی: "کاری باشیان تێدا کراوە، بەڵام کێشەی نەختینە پڕۆسەکەی خاوکردووەتەوە."
پڕۆژەکانی دیکەی سنووری راپەڕین
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی راپەڕین دۆخی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی بەمشێوەیە بۆ رووداو خستەڕوو:
- رێگەی چوارقوڕنە- هیزۆپ: کۆمپانیای جێبەجێکار دەستی بە هێڵکاری و دانانی گاردڕێڵ کردووە.
- رێگەی هیزۆپ- دووکان: قۆناخی دووەم و سێیەمی رێگەکە دراوەتە کۆمپانیایەک و "بە چڕی" کاری تێدا دەکرێت لەژێر سەرپەرشتیی رێگەوبانی سلێمانی.
- رێگەی بالیسان- شکارتە: کێشەی دارایی کاریگەری لەسەر ئەم پڕۆژەیەش هەبووە؛ لە کۆی 23 کیلۆمەتر، نزیکەی 14 کیلۆمەتری تەواو کراوە و 9 کیلۆمەتری ماوە.
پلانی داهاتوو بۆ رێگەی گوندەکان
ئومێد حەمە عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە رێگەی چەندین گوندی دیکە لە سنووری پشدەر و بێتواتە قیر کراون و پڕۆژەی قیرکردنی رێگەی گوندەکانی (نواوە، نۆرێ و ئاران) لە قۆناخی تەندەریندایە.
هەروەها گوتی، لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کار بۆ دانانی وێستگەیەکی کێشکردنی حکومی دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی بارهەڵگرەکان و پلانی پێویستیشیان بۆ وەرزی زستان و چاککردنەوەی رێگەکان داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ