زیاتر لە 2000 سزادراو لە هەرێمی کوردستان لە دەنگدان بێبەش دەبن

09-11-2025
سۆلین حەمەد ئەمین
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکشەممە  09-11-2025 و سێشەممە 11-11-2025 دەنگدانی تایبەت و گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەڵام زیندانیان و نەخۆشان ناتوانن دەنگ بدەن، زیاتر لە 2000 سزادراو مافی دەنگدانیان هەیە و بێبەش دەبن لە دەنگدان.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 09-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگێک زیاترە نووسراومان بۆ کۆمیسیۆنی عێراق کردووە، بۆ ئەو دەنگدەرانەی کارتی دەنگدانیان نییە و بۆئەوەی بزانین زیندانیان دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام وەڵامیان نەداینەوە، بۆیە کەس ناتوانێت دەنگ بدات."
 
بەپێی ئاماری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، 6,035 سزادراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "بەپێی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 2,128 حوکمدراو مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بێبەش دەبن لە دەنگدان، رێکارەکانی کۆمیسیۆن و نەبوونی توانای گواستنەوەی سندووقی دەنگدان هۆکاری بێ بەشبوونیانە.''
 
ئەوانەی لە پارێزگاکان مافی دەنگدانیان هەیە و ناتوانن دەنگ بدەن:
 
پارێزگای هەولێر: 690 سزادراو
پارێزگای سلێمانی: 723 سزادراو
پارێزگای دهۆک: 715 سزادراو
 
هاوکات ئەسعەد یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "وێستگەکانی دەنگدان جێگیرن و جووڵاو نین، مەگەر بە رەزامەندیی لایەنی فەرمی نەبێت؛ بۆیە وێستگەکان ناجووڵێندرێن بۆ سزادراوان و نەخۆشان.''
 
نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەتیش بۆ دەنگدان دەبێت بچنە بنکە، کۆمیسیۆن دەڵێت، "پێشینە بۆ نەخۆش، بەتەمەن و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانە، بەبێ نۆرە و راستەوخۆ دەنگ دەدەن."
 
لەبارەی سزادراوانەوە، ئەسعەد یاسین دەڵێت، "بەپێی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن، ئەو زیندانییانەی سزاکەیان لە 5 ساڵ زیاترە، ناتوانن دەنگ بدەن، بەڵام ئەوانەی سزاکەیان کەمترە لە 5 ساڵ، ئەگەر رەزامەندیی دەرچوونیان بۆ بکرێت بۆئەوەی دەنگ بدەن، دەتوانن بەشداریی دەنگدان بکەن."
 
زیاتر لە 43,000 وێستگە بۆ هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە