رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، هەوڵەکانی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوتوێکرا و بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق خرایەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە کۆبووەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوی درەنگی شەوی رابردووی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵەکانی لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و سەرخستنی ئەم پرۆسە دەستوورییە بۆ سوودانی خرایەڕوو.
ئەنجوومەن تاوتوێی کەمکردنەوەی دیاردەی سەربازیی و هەڵسەنگاندنەوەی بڵاوبوونەوەی سەربازیی و ئەمنی لە شارەکاندا کرد و پێشنیازی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی تاوتوێ کرد سەبارەت بە کەمکردنەوەی دیاردەکانی سەربازیی و هەڵسەنگاندنەوەی بڵاوبوونەوەی ئەمنی و سەربازیی لەناو شارەکاندا.
هەروەها راپۆرتی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی بۆ مەترسییەکانی دابینکردنی دارایی تیرۆر بوو خرایەڕوو.
کۆبوونەوە پێشنیازی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی تاوتوێ کرد سەبارەت بە راسپاردنی هەموو وەزارەت و دەزگا ئەمنییەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی سەربازیی و هەڵسەنگاندنەوەی بڵاوبوونەوەی ئەمنی و سەربازیی لەناو شارەکاندا و پەسندکردنی میکانیزمەکانی هاوسەنگی کە ئاسایش دەپارێزن بەبێ کاریگەری لەسەر سرووشتی ژیانی شارستانی و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەناو ئاماژەکانی ئاشتی جیهانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ