رووداو دیجیتاڵ
دوو بەربژێری سوننە لە کەرکووک و ئەنبار بە یەکجاری دوورخرانەوە و پەسندکردنیان هەڵوەشێنرایەوە. بە گوێرەى بڕیارەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا هەر دەنگێکیان پێبدرێت، دەفەوتێت.
بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو دوو بەربژێرە چوارشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2025، بە نووسراوێکی فەرمی بووە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە.
یەکێک لە بەربژێرە دوورخراوەکان ئەحمەد عیساوی، بەربژێری ژمارە 10یە لە لیستى هاوپەیمانیی حەسمی وەتەنی لە پارێزگای ئەنبار. ئەو هاوپەیمانێتییە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگرییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
بەربژێرەکەی دیکە حوسێن تەڵاڵ-ە کە لە ریزبەندى ژمارە حەوتى لیستی هاوپەیمانیی عەزم-دا بووە لە کەرکووک. ئەو هاوپەیمانێتییە لەلایەن موسەننا سامەڕاییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
دوورخستنەوەی ئەو دوو بەربژێرە بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بووە کە پەسندکردنی بەربژێرییان هەڵوەشێنراوەتەوە. بە گوێرەی بڕیارەکە، ئەو دەنگانەی ئەو دوو بەربژێرە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستی دەهێنن، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێن.
زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان. بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ