لە چەند ناوچەیەک لافاو دروستبوو؛ لە چەمچەماڵ قوربانی هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لافاو لە چەندین ناوچەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دروستبووە، جگە لەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ لە چەندین رێگە دروستبووە، لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە چەمچەماڵ قوربانیی لێکەوتووەتەوە.
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، کەسێک لە ناحیەی شۆڕش بەهۆی لافاوەوە دیوار بەسەریدا رووخاوە و گیانی لەدەستداوە.
 
لە هەریەکە لە چەمچەماڵ، بازیان، تەکیە، بانی مەقان، کفری و قەرەهەنجیر لافاو دروست بووە و هاتووچۆی نێوان کەرکووک و سلێمانی، کفری و خورماتوو وەستاوە.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە زیان بە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان گەیشتووە، لە قەرەهەنجیر لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵەوە.
 
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئۆتۆمبێلێک لەنزیک بازیان ئاو بردوویەتی، بەڵام شۆفێرەکەی رزگار کراوە. جگە لەوەش چەندین هاونیشتمانی ڤیدیۆ بۆ رووداو دەنێرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە و باس لەوە دەکەن، زیانی زۆری ماددی هەیە.
 
دەنگۆی ئەوە هەیە لە سنووری چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە قوربانی هەیە. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆییش، کە لە قەرەهەنجیر لە سنووری کەرکووک تۆمار کراوە، پیاوێک لە پشتی پیکاپێکدا دەبیندرێت، باس لەوە دەکرێت لافاو بردوویەتی و هەناسەی بڕاوە، هەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە هەناسەی دەستکردی بۆ دەکرێت و دەگوترێت ئێستا دۆخی تەندروستیی جێگیر بووە.
 
 
تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاندووە، سەرجەم تیمەکانی یەکەی فریاکەوتنی خێرا 122ی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەناو چەمچەماڵ و ناحیەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەهاناوەچوون و فریاکەوتن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو، "ئاگاداری هاووڵاتییانی سنوورەکەش دەکەین لەکاتی روودانی هەر حاڵەت و رووداوێکی نەخوازراو، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی تایبەت بە تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا 07721175000 یاخود 122 بکەن."
 
 
بەرپرسانی پارێزگای کەرکووک رایانگەیاند، سەرجەم کارمەندە خزمەتگوزارییەکانیان لە قەزا و ناحیە لاوەکیەکاندا خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواو بۆ هەر دۆخێکی نائاسایی و ئەگەری دروستبوونی لافاو.
 
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاندووە، ستافی شارەوانی لە قەزا و ناحیەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانی کۆکردنەوە، ئەنجامدانی کاری پاککردنەوە لەسەر کەناڵەکانی ئاوەڕۆی ئاوی باران و تۆڕەکانی ئاوەڕۆ بۆ دڵنیابوون لە رۆیشتنی ئاو بە شێوەیەکی رێکوپێک، رێگریکردن لە کەڵەکەبوونی لە شەقام و کوچە و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاوەکەی چەمچەماڵ.

یەکەم گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە لە سنووری چەمچەماڵ تۆمار کرا

لە سنووری ناحیەی شۆڕش لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی لافاوەوە دیوارێک رووخاو کەسێک گیانی لەدەستدا، لە ناحیەی ئاغجەلەریش منداڵێک ئاو بردی و دواتر رزگار کرا.