باران و لافاو تەنگیان بە کفری هەڵچنیوە و زۆربەی رێگەکان داخران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای کفری بە رووداوی راگەیاند، لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە و بەهۆی بارانبارینەوە هاتووچۆی قەزاکە لەگەڵ دووز، سەنگاو و سایدێکی هاتووچۆش بۆ کەلار داخراوە؛ داواش لە هاووڵاتییان دەکات هاتووچۆ کەم بکەنەوە.
 
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بەر لە بارانەکە رێکاری پێویستمان گرتووەتەبەر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە، سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نەخوازراو رووینەداوە."
 
قایمقامی کفری هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات، پابەندی رێنوێنییەکان بن، ئەگەر زۆر پێویست نەبوو لە ماڵەکانیان دەرنەچن و هاتووچۆی نێوان شارەکان نەکەن لەم دۆخەدا تاوەکو کەشوهەوا کەمێک ئاسایی دەبێتەوە.
 
زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی چوونە کفری داخراون، ساهیر عەلی دەڵێت، "رێگەی کفری دووز - لە دوو شوێن و لەنزیک گوندی قۆری چای داخراوە. هەروەها رێگەی کفری - سەنگاو، چونکە لە زۆر شوێن چەمەکان پڕ بوون لە ئاو، هاتووچۆ داخراوە. داوادەکەین خەڵکی بەم بارودۆخەوە روو لەو رێگەیانە نەکەن." بە گوتەی قایمقام، جگە لەو دوو رێگەیە، سایدێکی چوون بەرەو کەلار ژێرئاوکەوتووە و هاتووچۆ تێیدا وەستاوە.
 
ئەمڕۆ ئیدارەی گەرمیان هۆشداریی بە هاووڵاتییان دا، ئەگەر زۆر ناچار نەبن هاتووچۆی دەرەوەی سنوورەکە نەکەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەک.
 
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 35 - 45 ملـلیمەتر زیاتر باران ببارێت، تاوەکو ئێستا لافاو بووەتە هۆی زیانی گیانی و مادی لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە