هۆشدارییەک لە کەشناسیی عێراقەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و گەرمیان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی عێراق هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی بارانی بەخووڕ، هەورەبرووسکە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە 5 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستان؛ داوا لە خەڵک دەکات تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە لەوپەڕی هۆشیاریدا بن.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزانیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 09-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سوور، هۆشدارییەکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، دیالە، واست، میسان و بەسرە بەردەوامن، ئەوەش بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی زۆر بەخوڕی هەورەبرووسکەدار و هەڵکردنی بای بەهێز.
 
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق، دۆخی کەشوهەوا لە کاژێرەکانی داهاتوودا پێویستی بە ئاگاداری و وریایی زۆرە، هۆشدارییەکان تاوەکو بەیانیی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبن.
 
عامر جابری هۆشداریی دا لە ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سنووری ئەو پارێزگایانە، بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق گوتیشی، لە پارێزگاکانی دیکەش پێشبینیی بارانی هەورەبرووسکەداری ناوبەناو دەکرێت، جگە لە ئەنبار و رۆژئاوای نەینەوا کە بارانبارین تێیاندا کۆتایی هاتووە.
 
کەشناسیی عێراق پێشبینی دەکات، نیوەڕۆ یان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە شەپۆلەکە بە شێوەیەکی کاتی لاواز ببێت، لەگەڵ مانەوەی بارانبارین لە سلێمانی، هەولێر و باشووری بەسرە لە شەودا، پێشبینیش دەکرێت رۆژانی پێنجشەممە و هەینییش باران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، باشوور و رۆژهەڵاتی عێراق ببارێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە