رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە سنووری ناحیەی لەیلانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، قوتابییەکی تەمەن 9 ساڵ گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک، لە گوندەکانی فەرقان و باوە لە سنووری ناحیەی لەیلان، بەهۆی بوونی سێ چەمەوە ئاستی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، رێگەی هاتووچۆ لە نزیک گوندی باوە بەتەواوی داخرا.
ئەو قوتابییە 9 ساڵانەی گیانی لەدەستداوە، ناوی بەیار عیسایە و قوتابیی پۆلی 3ی بنەڕەتی بوو، لەکاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە لە گوندی فەرقان کەوتووەتە نێو ئاو و گیانی لەدەستداوە.
گەنجێکی خەڵکی گوندی "تەپەلو"ش لە هەمان سنوور گوتی، لافاوەکە لە نیوەڕۆوە دروستبووە و زیانی بە ژمارەیەک حەوزی ماسی، پەلەوەرخانە و کەرەستەی کشتوکاڵی گەیاندووە.
سەبارەت بە دۆخی هاونیشتمانییان، پەیامنێری رووداو گوتی، زیاتر لە 100 مامۆستا و کارمەندی تەندروستی کە خەڵکی ناحیەی لەیلان و کەرکووکن، گیریان خواردووە.
کەسوکاری یەکێک لەوانەی گیریان خواردووە باسی لەوە کرد، لە بەیانییەوە بڕیار بووە تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەهایانەوە بچن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون.
موختاری گوندی "خڕبڵاخ"یش رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە دانیشتووانی زیاتر لە 20 گوند گیریان خواردووە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکە تەمەنی 70 ساڵە و دیواری بەسەردا رووخاوە، قوربانییەکەی دیکەش کچێکی 22 ساڵە و بەهۆی لافاوەوە خنکاوە."
ناو و تەمەنی دوو خنكاوەكەی چەمچەماڵ
عومەر سەعید ئەمین
لەدایكبووی 1953
دانیشتووی ناحیەی شۆڕش
بۆكان بەشارەت شەریف
لەدایكبووی 2003
دانیشتووی ناحیەی شۆڕش
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ