رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لە پۆلیسی پارێزگاکە کردووە، دانانی سندووقی خێرخوازی و کۆکردنەوەی هاوکاری لە مۆڵ و شوێنە گشتییەکان قەدەخە بکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت سندووق دابنێت، سزا دەدرێت."
د. ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک، رۆژی دووشەممە 10ی شوباتی 2025 بە رووداوی راگەیاند، "سەبارەت بە دیاردەی سواڵکردن و دانانی سندووقی هاوکاری لە مۆڵ و شوێنەگشتییەکان"، لەسەر داوای ئەو، پارێزگاری کەرکووک نووسراوێکی ئاراستەی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک کردووە.
رۆژی 12ی 3ی 2022 ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران. دانانی سندووق، سواڵ و کۆکردنەوەی هاوکاری (تبرعات) بەبێ مۆڵەت قەدەخە کرد. بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنەکە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، یان مۆڵەتی نەبێت، سزای یاسایی دەدرێت.
سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک گوتی: "لە 27ی 10ی پار نووسراوێکم ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد؛ لە مانگی 11یش سەرۆکی ئەنجوومەن نووسراوەکەی بۆ پارێزگار بەرزکردەوە. پارێزگاری کەرکووکیش لە 4ی 2ی 2025 نووسراوەکەی ئاراستەی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک کردووە و داوای کرد رێکارەکان بگیرێنەبەر."
بە گوتەی ئەحمەد کەرکووکی، "هەر کەس و لایەنێک بەبێ مۆڵەت، خەریکی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بێت، سزا دەدرێت."
ئەو سندووقانەی هاوکاری، کە لە مۆڵ و شوێنە گشتییەکان هەن، زیاتر لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکان، یان رێکخراوەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان لەوانە شێرپەنجە، دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ