سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: بازگەی مەخموور بەڕووی گواستنەوەی کاڵا و خۆراکدا کرایەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، کێشەی بازگەی مەخموور چارەسەر کرا و بازگەکە بەڕووی هێنان و بردنی کەلوپەل و کاڵادا لە هەولێرەوە بۆ نێو قەزاکە ئاسایی کرایەوە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی سێشەممە، 10-02-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە شاری موسڵ لەگەڵ عەلی جەمال، بەڕێوەبەری گومرگی باکوور کۆبووینەوە و بڕیاردرا بازگەی مەخموور ئاسایی بکرێتەوە. لەمەودوا هێنانی کاڵاکانی وەکو سەوزە، میوە و کەلوپەلی نێوماڵ ئاساییە، هەروەها رێگە دەدرێت رۆژانە دوو بارهەڵگری جۆری کیا مریشکی زیندوو ببرێتە نێو مەخموور."
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای لە شۆفێران دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و باری زیاد بار نەکەن کە گومانی قاچاخێتی لێبکرێت، چونکە "خەڵکانێک هەن لەژێر ئەو پەردەیەدا کاری قاچاخ دەکەن."
 
سەبارەت بە وردەکاریی بڕیارەکە، محەممەد جاسم کاکەیی گوتی: "بەڕێوەبەری گومرگی باکوور لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە بەغداوە کرد و دواتر لەگەڵ بازگەی مەخموور قسەی کرد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، هەر بۆیە لە ئێستاوە بازگەکە کراوەیە."
 
محەممەد جاسم کاکەیی، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێوەبەری گومرگی باکوور باسی لەوەکرد کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، چوار خاڵی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵا بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق دیاریکراون، کە بریتین لە بەنداوی موسڵ، موسڵ، دارەمان و باوەمەحموود. خاڵی مەخمووری تێدانییە.
 
کاکەیی گوتی: "هەرچەندە بازگەی مەخموور لەنێو ئەو خاڵە فەرمییانەدا نییە، بەڵام ئێمە پێداگریمان کرد کە خەڵکی ئەو ناوچەیە پێویستیان بەو کاڵایانەیە و خاڵەکانی دیکە لێیانەوە دوورن، بۆیە رەزامەندی لەسەر ئاساییکردنەوەی درا."
 
دوێنێ لە بازگەی مەخموور رێگری لە چوونی کاڵا و کەلوپەلەکان بۆ نێو مەخموور کرا، ئەوەش ناڕەزایی دانیشتووانی لێکەوتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە