وەزارەتی نەوت: دەمانەوێت 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبەر داخرانی تەنگەی هورمز و راگیرانی هەناردەی نەوت، هەوڵ دەدەین لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان بکەین.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی، "بە فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، رێگەمان پێبدات لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمەوە، نەوتی کەرکووک هەناردە بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە."
 
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "پلانەکە ئەوەیە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هەناردەی جەیهان بکەین."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "ئێستا بۆریی نەوتەکە ئامادەیە و تەنیا لەسەر رەزامەندیی هەرێمی کوردستان راوەستاوین، تورکیاش هیچ لارییەکی نییە."
 
باسی لەوەش کرد، "لەم دۆخەدا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل و هەندێکجاریش تەنیا 20 هەزار بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت."
 
25ـی کانوونی یەکەمی پار، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پلانیان ئەوەیە لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا، "رۆژانە 50 هەزار بەرمیل لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک" لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکەن.
 
ئاژانسی بلومبێرگ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سعودیە 2 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل، ئیمارات 500 هەزار بۆ 800 هەزار بەرمیل، کوێت نزیکەی 500 هەزار بەرمیل و عێراقیش نزیکەی 2.9 ملیۆن بەرمیل، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان کەمکردووەتەوە.
 
پێش شەڕی ئێران، عێراق 4.35 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا. زیانی هەر رۆژێک داخرانی تەنگەی هورمز لەسەر عێراق، 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلارە.
 
شەڕی ئێران کە ئێستا لە هەفتەی دووەمیدایە و زیاتر لە 12 وڵاتی تێوەگلاوە و داخرانی تەنگەی هورمز بۆ 11ـەمین رۆژ، هۆکاری بڕیارەکەی وڵاتانن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە