رووداو دیجیتاڵ
موسڵمانان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چوونە مزگەوتەکان بۆ نوێژی جەژن و پیرۆزبایی و گەردن ئازادی لە یەکدی؛ پەیامی مامۆستایانی ئایینیش بۆ خەڵک پاکوخاوێنی، پاراستنی تەندروستی و لێبووردن و تەبایی بوو.
لە جەژنی ئەم ساڵ چەند جیاوازییەک دەبیندران، خەڵک بە دڵخۆشییەکی زیاترەوە بەرەو مزگەوتەکان بەڕێکەوتن و جەژنیان کرد، هاونیشتمانییەک لە سلێمانی بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەوەی دوو مووچە دراوە، "جەژنەکەمان بووە دوو جەژن."
د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە نوێژی جەژن لە مزگەوتی فیردەوس لە هەولێر پیرۆزبایی جەژنی لە هاونیشتمانییان و موسڵمانان کرد، رایگەیاند، دوای ئەوەی بەشێک لە کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کۆتایی رەمەزان چارەسەر بوو، خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ خەڵکی دروست بوو.
رۆژنامەڤانان لەبارەی مووچەی مانگی نیسان پرسیاریان لە وەزیری ئەوقاف کرد و ئەویش گوتی، ئەو مووچەیەی نێردراوە، شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بۆ مانگی نیسانیش ئەوەندەی ئاگادارین وەزارەتی دارایی و لایەنەکان خەریکی ئامادەکردنی لیستی مووچەن.
مامۆستا مەجید پێنجوێنی لە سلێمانی هانی موسڵمانانی بۆ ئاشتەوایی دا و گوتی، هەموو زەردەخەنەیەک خێر و چاکەیەکە بۆتان دەنووسرێت.
جگە لە نوێژکردن لە مزگەوت، ئامادەکردنی خوانی جەژن و پێکەوە نانخواردن لە گوند و ناوچە جیاوازەکان، جیاوازییەکی دیکەی ئەم جەژنە بوو، لە بەشێک لە گوندەکانی کەلار، سۆران و چەند ناوچەیەکی زاخۆ، هاونیشتمانییان پێکەوە نانیان خوارد، ئەوەش وەکو رێگەیەک بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موسڵمانان و هاونیشتمانییان کرد و گوتی، "هیوادارین جەژنی خۆشی بێت... دڵخۆشین بەوەی بەشێک لە داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێکراوە و مووچەیان وەرگرتووە."
بەهۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز و سەرەتای بەهاری ئەم ساڵ لەنێو رەمەزاندا بوو، هاونیشتمانییان نەچوون بۆ سەیران، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژندا هاونیشتمانییەکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. ئومێد خۆشناو داواکاریی ئەوە بوو کە ژینگە بپارێزن و بە ئارامی رۆژانی جەژن بەڕێ بکەن.
بەهۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز و سەرەتای بەهاری ئەم ساڵ لەنێو رەمەزاندا بوو، هاونیشتمانییان نەچوون بۆ سەیران، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی جەژندا هاونیشتمانییەکی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن. ئومێد خۆشناو داواکاریی ئەوە بوو کە ژینگە بپارێزن و بە ئارامی رۆژانی جەژن بەڕێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ