رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە رێگەی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بندیوار، توانیومانە "مانگانە بە ملیۆنان دۆلار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنینەوە." هەروەها دەشڵێت: لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەین و بۆ ساڵی داهاتووش، داوای 156 ملیۆن دۆلارمان بۆ پڕۆژەکانمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
گوتەبێژێک لە ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ''USAID'' لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداودا کە بەشێوەی نووسراو وەڵامی داوەتەوە، باسی پڕۆژە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ پڕۆژەکانیان دابینیان کردووە دەکات، هاوکات باسی ئەوەش دەکات، لە پڕۆژە بودجەی ئیدارەی بایدن بۆ ساڵی 2023 داوای چەند پارەیان کردووە و سەرنجی سەرەکی کارەکانیشیان لەسەر چییە.
لەبارەی کارە سەرەکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: USAID هاوکاربووە لە پەرەدان بە سیستمێکی بەڕێوەبردنی ناسنامە کە بووە هۆی گەڕاندنەوەی ملیۆنان دۆلاری مانگانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە سڕینەوەی ناوی فەرمانبەرانی بندیوار و هەروەها کەیسی ساختەکاری. ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆگرامەکانی ئاژانسەکەیان لە هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەدانە بە گەشەی ئابووری و هەروەها بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە تاوەکو بتوانن دەرفەتی زیاتری کارکردن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕەخسێنن.
بەگشتیش لەبارەی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاماژە بەوە دەدات، "لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا USAID وەڵامی ئەم قەیرانە مرۆییەی ئێستا لە عێراق هەیە داوەتەوە، کە لە دوای شەڕی داعش بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر و ئەم خەڵکە بەرەو ناوچە ئارامەکان رایانکرد، لە نێویاندا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق." ئاژانسەکە لەو ماوەیەدا هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بەو ئاوارانە کردووە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوونە و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەبووە، هەوڵیانداوە زیاتر خزمەتگوزارییەکانی وەک ''تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنیان'' بۆ دابین بکات.
ئاژانسەکە هاوکاری بەپەلەی دابینکردنی خۆراک بۆ ئاوارەکان و پەنابەرەکانیش دابین دەکات. هاوکارییە مرۆییەکانی USAID بە شێوەیەکی سەرەکی کەمپەکانی ئاوارەکان و هاوکاری ''هەندێک پەناگەی نافەرمی و کەمپی دیکەی پەنابەرەکانیش دەکات."
یەکێک لە کارەکانی دیکەی ئەو ئاژانسە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکاریکردنی تەکنیکی هەردوو حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە ئەمەش بۆ "بەهێزکردنی حوکمڕانی، بەڕێوەبردنی دارایی گشتی و بەرەوپێشبردنی شەفافییەتی زیاتر، هەروەها بۆ بەرەوپێشبردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک."
هەروەها ئاژانسەکە کار لەسەر لێکنزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ئەمەش لە رێگەی رێکخستنی کۆبوونەوە و دایەلۆگی کۆمەڵایەتی، ئامانجیشی لەوە کارە ''ناسینەوەی پاڵنەرەکانی پشت ململانێکان و هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوە بۆیان." بەگوتەی گوتەبێژەکە، ئاژانسەکەیان "رێز لە فرە کولتووری لە هەرێمی کوردستان دەگرێت، ئەمەش لە رێگەی پارێزگاریکردن لە میراتی کولتووری ئایینیی و هەروەها پێکهاتە ئایینییەکان لە عێراق و هەروەها لە رێگەی بەدۆکیۆمێنتکردنی میراتی ئەو پێکهاتانە، چ ئەوانەی بەرجەستەن و چ ئەوانەی بەرجەستە نین."
USAID چەند پارەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2023 داواکردووە؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەداوە، "بۆ پڕۆژە بودجەی 2023، بودجەی پێشنیازکراوی سەرۆک بایدن، داوای 156 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆگرامەکانی پەرەپێدان و ئابووری لە عێراق کراوە. ئەم بوجەیە بۆ پشتیوانیکردنە لەو پڕۆگرامانەی کە لەلایەن USAID و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی جێبەجێدەکرێن. پارە داواکراوەکە بۆ پشتیوانیکردنە لە پڕۆگرامە تایبەتەکان بە گەشەی ئابووری، هاندانی پەرەپێدانێکی بەهێزی دامەزراوە نێوخۆییەکان و پڕۆگرمەکانیانە. هەروەها بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراقە بۆ وەڵامدانەوەی شۆکی کۆڤید 19 و قەیرانی کەشوهەوا. پڕۆگرامەکان ئەوانەش دەگرێتەوە کە پشتیوانی لەو چین و توێژ و پێکهاتانەش دەکات، کە خەریکە دەبوژێنەوە و بەهۆی داعشەوە زیانیان زۆر بەرکەوتبوو، لە نێویاندا ژنان و گەنجان."
سەبارەت بە بودجەی ئاژانسەکەش لە ساڵی 2023 بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێت، ''ئێستا USAID و وەزارەتی دەرەوە بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار هاوکاری دارایی بۆ پڕۆژەکانیان لە رووی ئابووری و پەرەپێدان لە عێراق جێبەجێدەکەن."
سەبارەت بەو پڕۆگرامانەش کە ئێستا جێبەجێیان دەکەن، ئاماژەی بەوەدا: پڕۆگرامەکانی ئێمە زیاتر سەرنجیان لەسەر چەند ناوچەیەکی جیاوازە لە وڵاتەکەدا، لە نێویاندا هەرێمی کوردستانی عێراق. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێمە کار لەسەر بەهێزکردنی حوکمڕانی و هەروەها ئیدارەدانی دارایی گشتی دەکەین، هەروەها کاردەکەن لەسەر زیادکردنی کارامەیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەرەوپێشبردنی ئابووری کەرتی تایبەت و دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردن.
لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 بۆ 2022 USAID نزیکەی 98 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری مرۆیی لە ناوچەکانی کاریگەر بە شەڕ و ململانێکان تەرخانکردووە، ئەو ناوچانەش هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەگشتیش پڕۆگرامەکانی ئاژانسەکە لەلایەن، ''رێکخراوە ناحکومەییەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بەڵێندەرەکان جێبەجێدەکرێن کە زۆربەی جارەکان هاوکاریی تەکنیکی و هاوئاهەنگی نزیکیان لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان دا هەیە."
سەبارەتا بە کارکردن و هاوئاهەنگی ئاژانسەکەش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت، "بەردەوامبوونی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی هاوئاهەنگییە لە نێوان ئاژانسەکەیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان"، دەشڵێت، "USAID لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.'' زۆربەی جارەکانیش لە رێگەی پڕۆگرامەکانیان هاوکاریی تەکنیکی پشکێش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕوایان وایە ''چارەسەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بە پێکەوەکارکردنی هەموو پێکهاتەکان هەیە، تاوەکو پەرە بە چارەسەری بەردەوام بدەن'' و بەسەر ئاستەنگەکانی بەردەمیان زاڵ ببن.
ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID، ئاژانسێکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، گەورەترین ئاژانسی فەرمی مرۆییە لە جیهاندا، لە 3ـی نۆڤێمبەری 1961 دامەزراوە، بارەگای سەرەکی لە واشنتنی دی سی پایتەختی ئەمریکایە. بودجەی ساڵانەی ئاژانسەکە نزیکەی 27 ملیار دۆلار دەبێت و ئاژانسەکە هاوکاری پێشکێش بە 100 وڵاتی جیهان، لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ