رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەوەی حکومەتی عێراق تەنیا بڕێکی دیاریکراوی گەنمەکانیان وەردەگرێت و پاساوی کەمبارانی دێنێتەوە. ئەمەش وایکردووە جووتیاران ناچار بن باقی بەرهەمەکەیان بە نرخی هەرزان لە بازاڕدا بفرۆشن و زیانێکی زۆر بکەن.
بڕوا عوسمان، جووتیارێکی پیرەمەگروونە، 10 ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات و گەنم و جۆ دەچێنێت، 40 دۆنم زەویی بە گەنم چاندبوو.بڕوا ئاماژە بەوە دەکات، "پار دوو بارهەڵگر یان سێمان هەبوو، ئەم ساڵ یەک بارهەڵگرمان هەبوو. هێشتا لەچاو گەرمیاندا باشترین، بەڵام کێشەی رەسیدمان هەیە، لە یەک تۆن 136 کیلۆ گەنم وەردەگرن، پار 236 کیلۆ بوو."
رۆژی سێشەممە هاوشێوەی سلێمانی، لە سایلۆکانی دهۆک و راپەڕین گەنمی جووتیاران وەرگیرا. سنووری ئیدارەی راپەڕین 45 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی هەیە، بەڵام حکومەت تەنیا 20 هەزار تۆنیان وەردەگرێت، مانگێکیش وادەی وەرگرتنی گەنمەکەیە.
ئیسماعیل عەبدوڵڵا، جووتیاری رانیە دەڵێت، "ئەوەی ئەم ساڵ بەرامبەر بە جووتیار کراوە، کوشتنە." ئالان حوسێن، جووتیاری دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "بێ بارانی، زەرەری زۆری لێداوین و نازانین چی بکەین."
لە یەکەم رۆژی وەرگرتنی گەنمدا، شاندێک لە بەغداوە هاتبوونە سلێمانی، جووتیار و لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە کەمیی بڕی وەرگرتنی گەنم پێگوتن.
حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەى عێراق دەڵێت، "ئەم ساڵ جیاوازە، بەهۆی کەم بارانییەوە بەرهەم کەم بووەتەوە، جووتیار بەرهەمی کەم بووە، بۆیە وەرگرتنی بەرهەم لە هەموو عێراق کەم بووەتەوە."
ئەو گەنمەی حکومەت وەریناگرێت جووتیاران ناچارن لە بازاڕی رەش بە نرخی نزیک نیوە بیفرۆشن. بەشێک لە جووتیارانی گەرمیانیش ناچارن گەنمەکەیان هەرزانفرۆش بکەن، چونکە لە 80 هەزار تۆن بەرهەمی ئەو سنوورە تەنیا 40 هەزاریان وەردەگیرێت.
سیامەند سەلام، جووتیاری گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "جووتیار زیانی زۆر کردووە، ئەو گەنمەی هەیە دەبێت بە هەرزانی بیفرۆشێت."
وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە: لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و 600 تۆن، سلێمانی 145 هەزار و 567 تۆن، دهۆک 117 هەزار و 911 تۆن، هەڵەبجە 13 هەزار و 923 تۆن و گۆی گشتی 400 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ