کوردستان
قوربانیکردن لە شارۆچکەی بانەوڕێ، سەر بە قەزای پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. وێنە: ئەرشیڤ - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی بانەوڕێی سەر بە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ جەژنی قوربان 607 سەر ئاژەڵ کرانە قوربانی و 110 سەر ئاژەڵی زیندووش بۆ گوندەکانی نزیک گوندەکە نێردراون.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی شەممە، واتە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، 274 سەر مەڕ، 312 سەر بزن و 21 سەر مانگا سەربڕدراون و بەسەر 1250 خێزانی خەڵکی گوندی بانەوڕێدا دابەشکراون و هەر ماڵێکیش 7.5 کیلۆ گۆشتی بەرکەوتووە.
110 سەر ئاژەڵی دیکەش بە زیندوویی بەسەر خەڵکی دەسکورتی شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاس و باوەجاندا دابەشکراون.
نزیکەی 350 کەس لە سەربڕین و دابەشکردنی گۆشتی قوربانی بەسەر خەڵکدا بەشدارییان کردووە.
رێوڕەسمی قوربانیکردنی گوندی بانەوڕێ بۆ 70 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە رێکخراوی میراتی کولتووریی ئێرانیشدا تۆمارکراوە.
بە گوتەی دانیشتوویەکی ئەو گوندە، چونکە لە بانەوڕێ رۆژێک پێشتر لە حکومەتی ئێران جەژن دەکەن و پابەندی بڕیاری حکومەت نین، حکومەتیش بودجە و هاوکاری بۆ پەرەپێدانی ئەو رێوڕەسمە تەرخان ناکات.
لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەک لە گوندەکانی دیکەی ناوچەی هەورامانیش چاو لە دانیشتووانی بانەوڕێ دەکەن و بە کۆمەڵ قوربانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ