رووداو دیجیتاڵ
پاش ساڵێک لە ئاوارەیی بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، مام ئەحمەد گەڕایەوە گوندی (مژێ) لە دەڤەری بەرێ گارە، بەڵام دیمەنێکی دڵتەزێنی بینی، ماڵەکەی کە 60 ساڵی ژیانی تێدا بەسەربرد، بەتەواوی وێران ببوو. بە چاوێکی پڕ لە حەسرەتەوە پرسیاری ئەوە دەکات: "ئایا 60 ساڵی دیکە دەژیم تا ئەم ماڵە جارێکی تر ئاوەدان بکەمەوە؟"
مام ئەحمەد جووتیارێکی 75 ساڵە، چیرۆکی وێرانیی گوندەکەی بۆ رووداو گێڕایەوە: "ئەمە یەکەمجارە بەسەر ئێمەدا بێت، ئەنفال بەسەر ئێمەدا هات، ئێمە هەڵاتین چووینە تورکیا و ئێران، بەڵام وەک ئەمجارە بەسەر کەسدا نەهاتووە."
دوو ساڵە گوندەکانی "مژێ" و "کەڤنە مژێ" بوونەتە مەیدانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە. بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەوە، گوندەکان بە تەواوی وێران بوون. ئەم دیمەنە دڵتەزێنانەی ئێستا بەرهەمی بۆردوومان و پێکدادانەکانی مانگی 10ی پارە، کە بەو شێوەیە گوندەکانیان دەکردە ئامانج.
مام تاهیر، پێشمەرگەی دێرین، چیرۆکێکی هاوشێوەی هەیە. ئەو 40 هەزار دۆلاری بۆ دروستکردنی ماڵەکەی خەرج کردبوو، بەڵام ئێستا هیچی نەماوە، تەنانەت بلۆکێک لەسەر بلۆکێکیش نەماوە. مام تاهیر بە خەمێکی زۆرەوە گوتی: "تۆ حیساب بکە تاوەکو کەسێک لێرە ماڵێک ئاوا بکات چەند خەرجی دەوێت، وەک شار نییە. هیچ بۆی نەماوە، نە ناومالی ماوە، نە ماڵی ماوە، نە رەز و نە بێستان ماوە، هیچ شتێک کە خودا دابووی نەمایە."
ئەو دیمەنانە گوزارشت لە دۆخی سەدان هاونیشتمانیی سڤیلی سنوورنشین دەکەن کە بەهۆی ململانێ و شەڕەکانەوە، ژیانیان سەخت بووە و خەونەکانیان بوونەتە خۆڵەمێش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ