رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، دوای هەوڵێکی زۆر توانیویانە هاووڵاتییەکی رووسی بەناوی ئیلیزابێز تسوورکۆڤ رزگاربکەن کە لە ئاداری 2023 لە بەغدا رفێندرا.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (10ی ئەیلوولی 2025) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، گرووپێکی لە یاسادەرچوو لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023 لە بەغدا ئیلیزابێز تسوورکۆڤیان رفاند.
سەباح نوعمان گوتی، دوای هەوڵی زۆر و ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگریی تایبەت، هەروەها بە هاوئاهەنگیی فراوان لەگەڵ لایەنە نێوخۆییەکان، رۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوول، هێزە ئەمنییەکان توانییان شوێنی دەستبەسەرکردنی بدۆزنەوە؛ دواتر هاووڵاتییەکە رادەستی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرا و ئەوانیش رادەستی خوشکەکەی دەکەنەوە کە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکایە.
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی لەو تاوانەدا تێوەگلاون تاوەکو رادەستی دادگەیان بکەن.
سەباح نوعمان باس لەوە دەکات، هێزە چەکدارەکانی عێراق و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکیاندا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی درێخی ناکەن، لێپرسینەوەش لەوانە دەکەن کە هەوڵ دەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری بگەیێنن.
رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "خۆشحاڵم ئاماژە بەوە بکەم کە ئیلیزابێز تسووکۆڤ، قوتابی زانکۆی پرینستن، کە خۆشکەکەی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، کەمێک لەمەوبەر لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازادکرا".
ترەمپ رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عێراق، "دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشکەنجە درابوو".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "هەمیشە شەڕ بۆ دادپەروەری دەکەم و هیچ کاتێک کۆڵنادەم" و لە کۆتایشدا پەیامێک بۆ بزووتنەوەی حەماس دەنێرێ و دەڵێت: "حەماس، هەر ئێستا بارمتەکان ئازاد بکە".
هەر لەو بارەیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژمارەی خۆی لە ئێکس بڵاویکردەوە: "دوای هەوڵی گەورەی دامودەزگا ئەمنییەکانمان، کە چەندین مانگ درێژەی کێشا، رایدەگەیێنین کە ئیلیزابێز تسوورکۆڤی هاووڵاتی رووسی ئازادکرا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "هەرگیز سازش ناکەین لە جێبەجێکردنی یاسا و بەرزڕاگرتنی سەروەریی دەوڵەت و رێگە بە هیچ کەسێک نادەین، ناوبانگی عێراق و عێراقییەکان ناشیرین بکات".
تسوورکۆڤ هاووڵاتییەکی رووسی - ئیسرائیلییە و خوێندکاری دکتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاداری ساڵی 2023 لە نێوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ