یەکێتیی کەمئەندامان: 40 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت چاوەڕێن ناویان تۆماربکرێت

10-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، زیاتر لە 40 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت چاوەڕێن ناویان بۆ مووچەوەرگرتن تۆماربکرێت. گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، زیاتر لە چوار مانگە ناوی زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتیان رەوانەی بەغدا کردووە.
 
سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2013ـەوە هیچ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بۆ بڕینەوەی مووچە تۆمارنەکراوە، لە کاتێکدایە زیاتر لە 40 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت چاوەڕێی ناوتۆمارکردنن." 
 
جگە لەوانەی داوای ناو تۆمارکردن دەکەن، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچەیان هەیە، داوای هاوتاکردن بە مووچەی عێراق دەکەن، چونکە لە هەرێمی کوردستان هەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ئەگەر هیچ مووچەیەکی دیکەی نەبێت، مووچەکەی 150 هەزار دینارە، ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت 100 هەزار دینارە؛ بەڵام ئەگەر هاوتا بکرێت، مووچەکە دەبێتە 250 هەزار دینار. 
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ خاوەن پێداویستیی نوێ یان هاوتاکردنی مووچەی ئەوانەی مووچەیان هەیە، "بەغدا پاساو دەهێنێتەوە" و دەڵێت، دەبێت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت.
 
بڕیار بوو بۆ بڕینەوەی مووچە بۆ خاوەن پێداویستیی تایبەت و هاوتاکردنی مووچە، شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام سەردانەکە نەکرا و وەزارەتەکە دەڵێت، دەیانەوێت سەرەتا بۆ ئامانجەکەیان رێگە خۆشبکەن، پاشان بچن.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ رووداو، 77 هەزار و 421 هاونیشتمانی مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."