رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرانی یەکێتی لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە، بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "بڕیاردرا رێکخستنەکانی یەکێتی لە دهۆک و دەنگدەرانیان دەنگ بە بەربژێری کۆتای مەسیحی بدەن."
گۆران جوبرائیل، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبووینەوە، بڕیاردرا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەنگ بە بەربژێری کۆتایی مەسیحی بدەن."
بەربژێرەکەی یەکێتی هۆکاری بڕیاری حیزبەکەی بۆ ئەوە گەڕانەوە "ئامانجیان" بەدەستهێنانی کورسییە لە سنووری پارێزگاکە و دەڵێت: "لەو بڕوایەداین بەمشێوەیە ئەگەری مسۆگەرکردنی کورسی زیاترە لەجیاتی دەنگدان بە بەربژێرانی یەکێتی.''
بە گوتەی بەربژێرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو بەربژێرەی کۆتا، بەربژێری یەکێتییە و گوتیشی، "بڕیاری سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانییە و پێوەی پابەند دەبین".
پێش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، هەریەک لە شینوشاد تاهیر و ئازا مەجید، کە بەربژێری یەکێتین لە دهۆک، بە رووداویان راگەیاند " حیزب هەر بڕیارێک بدات پێوەی پابەند دەبین."
پێشتر ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاندبوو: "لە کۆبوونەوەکە ئامادە نابم و مکوڕم لەسەر بەردەوامیم وەکو بەربژێر بۆ خولی شەشەم و ناکشێمەوە لە رکابەری.''
ئیمان عەبدولڕەزاق دەڵێت: "بڕیاردراوە رێکخستنەکانی یەکێتی دەنگ بە ئەسیر ئیبراهیم یۆخەننا بدەن، کە بەربژێرێکی کریستیانە و سەر بە رەیان کلدانییە.''
ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرلیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ لە دهۆک وازهێنانی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند، بەپێی زانیاری لقی یەکی پارتی لەدهۆک چووەتە نێو ریزەکانی پارتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ