رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە، "لە پێناو بووژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ" سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی خۆی بەو کتێبخانە گشتییە دەبەخەشێت. بەڕێوەبەرەکەشیان دەڵێت: "زیاتر لە هەزار ناونیشانن".
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی 12ی 2025، رێبین فەتاح، بەڕێوەبەری ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ماڵی وەفایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گەت: "لەپێناو بووژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ، سەرجەم چاپکراوەکانی خۆمانیان بۆ دەنێرین کە ژمارەیان زیاتر لە 500 ناونیشانن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی، لە ماوەی یەک کاژێری بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەماندا، نووسەران و خوێنەرانیش ئامادەییان پێشان داوە و ئەوانیش زیاتر لە 500 ناونیشانی دیکەیان پێشکێش دەکەن.
لافاوەکەی دوێنێی چەمچەماڵ زیانی بە کتێبخانەی گشتیی شارەکە گەیاندووە. بەڕێوەبەری کتێبخانەکەیش دەڵێت، "زیانێکی زۆر بە کتێبی دەگمەن و دانسقەی کتێبخانەکە، رۆژنامە و گۆڤاریش کەوتووە."
رێبین فەتاح روونیکردەوە، "ئێمە لە ماڵی وەفایی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ لەدەستدانی دوو لە هاونیشتمانییانی شارەکە، وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و بەشداریمان لە بزاڤی رۆشنبیری و ئەدەبی، سەرجەم بەرهەمە چاپکراوەکانی ناوەندەکەمان پێشکێش بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ دەکەین و هیوادارین بتوانین کەلێنێک لەو زیانە پڕ بکەینەوە کە بەر کتێبخانەکە کەوتووە".
ئەو ناوەندە داوا لە هەموو ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەکات، کە بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان، بەشداری لە بوژاندنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵدا بکەن.
بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی هاوکات، داوایش لە نووسەران و رۆشنبیران دەکات، "ئەگەر بە تاکە کتێبێکیش بێت لەو هەڵمەتە نیشتمانییەدا بەشدار ببن."
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "هەر نووسەر و ناوەندێک دەیەوێت بەرهەمەکانی بە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ببەخشێت، ئێمە لە ماڵی وەفایی، هاوکار دەبین لە گەیاندنی کتێب و سەرچاوەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ